لەیلا دیوبەند
ماوەیەکە بابەتێک لە ژێر ناوی هاوسەرگیری مسيار تا رادەیەک زۆربەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و بووەتە جێی باس و خواسی بەشێک لە چالاکان و هەڵسووڕاوانی مافەکانی ژنان و توێژی رۆشنبیر و کەسایەتی بانگخواز و ئایینی لە کوردستان. لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بابەتەدا پێویستە ئاوڕێکی کورت لە رابردوو بدەینەوە و ئاماژە بەو راستییە بکەین کە ئەم بابەتە نە بابەتێکی نێو ماڵ و خێزانی کورد بووە و نە بەشێک بووە لە کەلتووری باو و باپیرانمان. کۆمەڵگەی کوردیی لەگەڵ ئەوەشدا کە کاریگەریی داب و نەریت و کەلتوور ی گەلانی دیکەی ناوچەکەی لەسەر بووە، بەڵام هەرگیز قەبووڵی کۆمەڵێک داب و نەریتی هاوردەی نەکردووە کە بووبێتە هۆکاری لێکترازان و داڕمانی بنەما جوانەکانی خێزان و خێزانداریی لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا.
لە راستیدا ئەم کەلتوورە کە لە ئێستادا بە داخەوە خۆی خزاندووەتە تانوپۆی کەلتوور و داب و نەریتی بەشێک لە خێزان و کۆمەڵگەی کوردییەوە، لە وڵاتی ئێرانەوە و لە نێو ماڵ و خێزانی نەتەوەی فارس و بانگخواز و ئایەتۆڵای شیعەوە هاوردە کراوە و دەرخواردی کۆمەڵگەی کوردەواری دراوە. ئەوەندەی پێوەندی بە هۆکار و بنەماکانی درووستبوونی مێژووی ئەم کەلتوورەوە هەیە، لە راستیدا ئامانجی من نییە لە نووسینی ئەم بابەتەدا، بەڵکوو تەنها ئەتوانم بە کورتی تیشک بخەمە سەر ئەو راستییە کە هۆکاری ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێراندا و بە دیاریکراوی لە ناو فارسەکاندا تا ئاستێکی زۆر ئەگەرێتەوە بۆ قازانج و بەرژەوەندیی سیاسیی دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتی ئیسلامی، کە ئامانجی ئەوە بووە بتوانێ بە جۆرێک لە جۆرەکان لە درێژماوەدا و لە چوارچێوەی ئیسلام و شەریعەتدا بۆشاییەکانی ئازادیی تاک و دیموکراسیی رۆژاوایی لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا پڕ بکاتەوە. لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ کە ئایا ئەم دیاردەیە کە دیاردەیەکی نامۆ و قێزەون بووە لە کۆمەڵگەی کوردیدا چۆن لە ئێستادا بەم شێوەیە و لەم ئاستەدا پەل و پۆی هاویشتووەتە نێو خێزان و ماڵی کوردەوە؟
نکۆڵی لەوە ناکرێ کە بە درێژایی مێژوو هیچ کۆمەڵگە و دەستە و گرووپێکی ئێتنیکی و مرۆیی نەیتوانیوە خۆی لە کەلتوور و بەها و داب و نەریتەکانی نەتەوەکانی دیکە بە تەواوەتی بپارێزێ؛ بێگومان ئەم کەلتوور و شارستانییەتەی کە لە ئێستادا مرۆڤایەتی لە سەر بنیادنراوە، بەرهەمی ژیار و شارستانییەتێکی مێژوویی کۆنی نێونەتەوەییە و بە تەنیا هی هیچ نەتەوە و جوغرافیایەکی دیاریکراو نییە.
بۆیە هاوسەرگیری میساریش وەک هەموو دیاردەکانی دیکە کەلتوورێکی هاوردە و بێگانەیە کە بەداخەوە لەمرۆدا بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێمەش پەیرەی ئەکەن و تەنانەت بە پێویستییەکی خێزانی و کۆمەڵایەتی ئەزانن.
سەرەڕای لەبەر چاوگرتنی بۆچوون و لێکدانەوە جیاوازەکان لە سەر ئەم بابەتە من پێم وایە هاوسەرگیری مسيار لە پشت هەر ئامانج و بە هەر بیانوویەک تەنها هۆکارێکە بۆ تێکدانی شیرازەی خێزان و بنەما پیرۆزەکانی. ئەم دیاردەیە جگە لەوەی بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە ئافرەت و پرسی ئافرەتان ناکات، بەڵکوو راستەوخۆ مەترسی لە سەر ژیان و چارەنووسیان و هەروەها مناڵانی بەرهەمی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییەش دروست ئەکات.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکەم کە ئەگەر لە گۆمەڵگەیەکدا بنەما ناسراوەکانی خێزان و پیرۆزییەکانی برووخێن و بەرەو هەڵوەشانەوە هەنگاو بنێن و هەروەها نەوەکانی داهاتوو لە ژینگەیەکی خێزانیی سلامەتدا بە دروستی نەخرێنە بەر راهێنان و پەروەردەوە، بێگۆمان هۆکار و پاڵنەرێکی ئاشکرایە بۆ چەسپاندن و بەرهەم هێنانی کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و مەترسیدار لە داهاتوودا.