شهلا رەشید- زاری كرمانجی
وەك سەرچاوە پزیشكییەكان ئاماژەی بۆدەكەن، قەڵەوی ئاماژەیە بۆ حاڵەتێك كە نیشاندەری بارستایی جەستەی كەسێك (BMI) ٣٠ یان زیاتر بێت.
قەڵەوی دەبێتە هۆی چ نەخۆشییەك؟
قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە چەند نەخۆشییەك زیاد دەكات، هەرچەندە هەموو ئەو كەسانەی بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن تووشی ئەم نەخۆشییانە نابن، بەڵام مێژووی خێزانی تووشبوون بە هەریەكێك لەم نەخۆشییانە مەترسییەكان زیاد دەكات، دابەشبوونی كێشی كەسەكەش گرنگە، ئەگەر كێشەكە زیاتر لە سكدا بوو، مەترسیدارترە لەوەی كە كێشەكە لە دەوری سمت و رانەكان چڕ بووبێتەوە، زیادبوونی كێش ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و كۆلیسترۆڵ زیاد دەكات، ئەم نەخۆشییانە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتە زیاد دەكەن، دابەزاندنی كێش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ یان جەڵتە و هەروەها سەلمێنراوە كە دابەزاندنی كێشی زیاتر دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی زیاتری ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییانە.
زۆربەی ئەو نەخۆشانەی نەخۆشی شەكرەی جۆری دوویان هەیە كێشیان زیادە یان قەڵەون. دەتوانیت مەترسی تووشبوونت بە نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم كەم بكەیتەوە بە دابەزاندنی كێش, پەیڕەوكردنی خۆراكی هاوسەنگ, خەوتنی پێویست و وەرزشكردنی زیاتر. ئەگەر نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەمت هەیە، دابەزاندنی كێش و چالاكیی جەستەیی زیاتر دەتوانێت كاریگەر بێت بۆ كۆنترۆڵكردنی شەكری خوێن. هەروەها چالاكیی زیاتر دەتوانێت پێویستیت بە خواردنی دەرمانی شەكرە كەم بكاتەوە، نەخۆشییە شێرپەنجەكانی پەیوەست بە قەڵەوی بریتین لە شێرپەنجەی كۆڵۆن، مەمك دوای وەستانی سوڕی مانگانە، ناوپۆشی منداڵدان، گورچیلە و شێرپەنجەی سورێنچك، جگە لەمەش هەندێك توێژینەوە ئاماژەیان بە پەیوەندی نێوان قەڵەوی و شێرپەنجەی زراو، هێلكەدان و پەنكریاس كردووە، هەروەها نەخۆشییەكانی زراو و بەردی زراو زیاترە لە نێو ئەو كەسانەی كە كێشیان زیادە، خاڵە سەرنجڕاكێشەكە ئەوەیە كە دابەزاندنی كێش بە تایبەت دابەزاندنی كێش بەشێوەیەكی خێرا یان زۆر دەتوانێت ئەگەری دروستبوونی بەردی زراو زیاد بكات، دابەزاندنی كێشی لەش بە رێژەی یەك پاوەند لە هەفتەیەكدا ئەگەری تووشبوون بە بەردی زراو كەمدەكاتەوە.
هەوكردنی جومگەكان، ئەمەش جۆرێكە لە نەخۆشی جومگەكان كە زۆرجار لە ئەژنۆ، حەوز و پشت روودەدات، هەڵگرتنی كێشی قورس پەستانێكی زۆر دەخاتە سەر ئەم جومگانە و دەبێتە هۆی تێكچوونی كڕكڕاگە كە دەیانپارێزێت، دابەزاندنی كێش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی پەستان لەسەر ئەژنۆ، حەوز و پشت و نیشانەكانی هەوكردنی جومگەكان باشتر دەكات.
وەستانی هەناسە لە كاتی خەودا، كێشەیەكی هەناسەدانە و پەیوەندی بە قەڵەوییەوە هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی پرخەپرخێكی زۆر و وەستانی هەناسەدان بۆ ماوەیەكی كاتی لە كاتی خەوتندا، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە رۆژدا هەست بە خەواڵوویی بكات و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتە زیاد دەكات، زۆرجار دابەزاندنی كێش دەبێتە هۆی باشتركردنی وەستانی هەناسەدان لە كاتی خەودا.
سەرچاوە:سایتی زانیاری