شههلا سۆفی- زاری كرمانجی:
پزیشکان لە ئیتاڵیا دوای پشکنینیان بۆ ئازاری بەردەوامی سکی پیاوێکی تەمەن 45 ساڵ، پارچە ئێسکێکیان لە ڕیخۆڵە کوێرە دۆزیەوە، کە نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر قووتدرابوو و بە پێچەوانەی پێشبینییەکانەوە نەبووە هۆی هەوکردنی ئەو ئەندامە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی زوومیت، ئەو پیاوە ئیتاڵییە دوای چەند مانگێک تووشی ئازار لە بەشی خوارەوەی سکی ڕاستی چووەتە نەخۆشخانە. پشکنینە سەرەتاییەکان هیچ نیشانەیەکی هەوکردنی ڕیخۆڵە کوێرەیان دەرنەکەوت، بەڵام ئازارەکەی بەردەوام بوو. دوای هەشت مانگ نەخۆشەکە بیری هێنایەوە کە نزیکەی ١٥ ساڵ لەمەوبەر بە هەڵە پارچەیەک ئێسکی خواردنی قووت داوە.
دوای ئەنجامدانی پشکنینی وێنەگرتن و پاشان نەشتەرگەری لاپارۆسکۆپی، پزیشکەکان بۆیان دەرکەوت کە ئێسکێک بە قەبارەی نزیکەی ٢.٥ لە ٣ سانتیمەتر لە ڕیخۆڵە کوێرەکانیدا گیر بووە و بارستەیەکی ڕەقی پیسایی لە دەوری دروست بووە. بارستە دیواری ڕیخۆڵە کوێرەی درێژ کردبووەوە، بەڵام بە پێچەوانەی حاڵەتە ئاساییەکانی گیرانەوە، هیچ نیشانەیەکی هەوکردن نەبوو.
پزیشکانی نەشتەرگەری ڕیخۆڵە کوێرەیان دەرهێنا و دوای دوو ڕۆژ لە نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانە دەرچوو. ئەم حاڵەتە پزیشکییە کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە گۆڤاری Gastrointestinal Surgery بڵاوکراوەتەوە، نموونەیەکی دەگمەنە کە تەنێکی نامۆ بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو ڕیخۆڵە کوێرەدا بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی هەوکردن.

































































