ئادار عەبدوڵڵا _ زاری کرمانجی
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ماوەی پێشکەشکردنی بۆ خوێندن و ڕاهێنانی بۆردی کوردستانی بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 تاوەکو 25ی تشرینی دووەم درێژکردەوە، کە 768 کورسی لە 73 پسپۆڕیی جیاوازدا لەخۆدەگرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ درێژەدان بە خوێندن و ڕاهێنانی بۆردی کوردستانی لە ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027، تاوەکو ڕێکەوتی 25ی تشرینی دووەمی 2026 درێژکراوەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت، خوێندنی ئەمساڵ 73 پسپۆڕیی گشتی و پسپۆڕیی وردی پزیشکیی جیاجیا لەخۆدەگرێت و بە گشتی 768 کورسیی خوێندن بە هەردوو شێوازی خۆڕایی و پارالێڵ بۆ خوازیاران دابینکراوە تاوەکو کێبڕکێی وەرگرتنیان لەسەر بکەن.
خوازیاران دەتوانن لە ڕێگەی پۆرتاڵی فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان (KHCMS) داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن و ئاشنای مەرج، ڕێنمایی و پلانی دابەشکردنی کورسییەکان بن.

































































