مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
میدیاكانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویانكردەوە، لە سنووری شاری بانە دوو سەربازی سوپای وڵاتەكەیان بە دوو ڕووداوی جیاواز گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەكان، پاسدارێكى سوپای ئێران لە میانی ڕووبەڕووبوونەوە و پێكدادانێكی چەكداریدا لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (ی.ر.ك)، باڵی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) لە سنووری بانە كوژراوە، هاوكات هەر لە هەمان سنوور سەربازێكی دیكە بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەوە گیانی لەدەستداوە.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت كە دوێنێ سێشەممە، هێزەكانی پژاك ڕایانگەیاندبوو كە سوپای ئێران لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە (درۆن) هێرشی كردووەتە سەر یەكێك لە بنكەكانیان لە سنووری قەزای پێنجوێن، بەڵام هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە.

































































