بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، هێزی دەریاییی سوپای پاسداران و هێزی دەریاییی ئێران ڕایانگەیاند کە 3 کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینی دەریایی تەقینەوە و ئاگریان گرتووە، ئەمەش دوای ئەوەی هەوڵیان دابوو بە ناوچە و ڕێڕەوی قەدەغەکراودا تێپەڕ ببن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هێزی دەریاییی سوپای پاسداران کە لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوکرایەوە، 2 لەو کەشتییە نەوتهەڵگرانە لە باشووری گەرووەکە دوای کوژاندنەوەی سیستەمی ڕادار و دیاریکردنی شوێن، هەوڵی تێپەڕینی مۆڵەتپێنەدراویان دابوو، بەڵام بەر مینی دەریایی کەوتوون و بەهۆیەوە ئاگر لە هەردووکیاندا کەوتووەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دراوە کە یەکێک لەو دوو کەشتییە نەوتهەڵگرێکی گەورە بووە.

































































