زاری كرمانجی
لە سنووری ناوچەی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆردومان و شەڕ و پێكدادان لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستیپێكردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سوپای پاسدارانی ئێران لە دوێنێوە ناوچە شاخاوی و دارستانەکانی سنووری شاری مەریوانی کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، هێرشەکان نزیکەی کاتژمێر ٧:٣٠ی بەیانی رۆژی چوارشەمە لە دەوورووبەری گوندەکانی گاگل، هانەشێخان و قامیشڵە دەستیانپێکردووە و چەندین درۆنی خۆکوژیش بۆ سەر بەرزایییەکانی ئەو ناوچانە نێردراون.
هانا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا زیان بە باخ و زەوی و زاری هاوڵاتییان و ڕووپۆشی ڕووەکی ناوچەکە گەیشتووە، بەڵام تا ئێستا زانیاری ورد لەبارەی زیانەکان و قوربانییەکان بڵاونەکراوەتەوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێزەکانی سوپای پاسداران هێشتا لە ناوچەکەدا جێگیرن و ڕەوشی ئەمنی ناوچەکەیان تووندتر کردووە.
هێرشەکانی ساڵانی ڕابردووی سوپای پاسداران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لە هەندێک حاڵەتدا بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و زیان گەیاندن بە ژینگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی هاوڵاتییان.

































































