سەدیق محەممەد سەدیق
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، كەم وشە هەن هێندەی وشەی “شۆڕش” هەڵگری هەستی جۆشوخرۆش، ترس، هیوابەخشین و وێرانكاری بن لە یەك كاتدا. مرۆڤەكان بەردەوام پرسیار دەكەن: بۆچی لەناكاو گەلێك بڕیار دەدات مەرگ هەڵبژێرێت لەپێناو گۆڕینی ژیانیدا؟ ئایا هۆكارەكە تەنیا هەژارییە، یان شتێكی قووڵتر لە دەروونی كۆمەڵگەدا دەقەومێت؟ بۆ تێگەیشتن لەم دیاردە ئاڵۆزە، پێویستە گەشتێك بەناو ڕەگ و ڕیشەی وشەكە، پایەكانی، و تیۆرییە سۆسیۆلۆژییەكاندا بكەین، تا بگەینە تێگەیشتن لەو شەپۆلە ناڕەزایەتییانەی كە ئەمڕۆ تەواوی ئەوروپای گرتووەتەوە.
ڕەگ و ڕیشەی زمانەوانی و میتافۆری شۆڕش :
تێگەیشتن لە وشەی شۆڕش لە زمانە جیاوازەكاندا، ڕەهەندێكی فەلسەفیمان پێدەبەخشێت. لە فەرهەنگی زمانی كوردیدا، “شۆڕش” لە ڕەگی وشەی (شەڕ) یان هەڵچوونەوە هاتووە، كە ئاماژەیە بۆ ئەوەی گۆڕانكاریی ڕیشەیی هەمیشە پێكدادان و ململانێی پێویستە. لە زمانی عەرەبیدا وشەی (پورە) بەكاردێت؛ كە لە ڕووی زمانەوانییەوە بە واتای هەڵكشان و بڵاوبوونەوەی تەپوتۆز دێت لە ئەنجامی تووڕەییدا. هەندێك لە زمانەوانان وەك وێنەیەكی خوازراو دەیبەستنەوە بە وشەی (پور – گا)، ڕێك وەك ئەو گایەی كاتێك قوماشە سوورەكەی یاریزانێكی دەخرێتە بەرچاو، تووڕە دەبێت و هێرش دەكات؛ لەم پێكدادانەشدا گۆڕانكارییەكی حەتمی ڕوودەدات، یان گاگە بریندار دەبێت، یان یاریزانەكە دەدۆڕێت.
لە زمانە ڕۆژئاواییەكانیشدا، وشەی (Revolution) لە ڕەگی لاتینی (Revolutio)ەوە هاتووە كە بە واتای “سووڕانەوە یان وەرگەڕان” دێت، ڕێك وەك وشە فارسییەكەی (انقلاب) كە مەبەست لێی هەڵگێڕانەوەی سەرەوژێری دۆخێكە.
چەمك، ئامانج و جۆرەكانی شۆڕش :
لە زانستی سیاسیدا، پێویستە سنوورێكی زۆر ڕوون لە نێوان شۆڕش و “یاخیبوون”دا بكێشین. یاخیبوونەكانی سەدەكانی ناوەڕاست كاتێك جوتیاران دژی دەرەبەگەكان دەوەستانەوە، شۆڕش نەبوون، چونكە ئامانجیان تەنیا “باشتركردنی مامەڵە” بوو. بەڵام شۆڕش؛ بریتییە لە بزووتنەوەیەكی جەماوەریی فراوان كە ئامانجی هەڵتەكاندنی ڕیشەیی سیستەمێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووریی كۆنە، بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی تەواو نوێ. شۆڕش تەنیا ڕووخاندن نییە، بەڵكو بونیادنانەوەیە.
شۆڕشەكان بەپێی قۆناغە مێژووییەكان ئامانج و جۆری جیاوازیان هەبووە. دەكرێت شۆڕش (سیاسی) بێت بۆ گۆڕینی ڕژێمێكی دیكتاتۆری بە دیموكراسی، یان (ئابووری و كۆمەڵایەتی) بێت وەك شۆڕشی فەرەنسی و بۆلشەڤیكی، تەنانەت شۆڕشی (ڕۆشنبیری و ئایینی)ش بوونی هەیە. بە گشتی، ئامانجە باڵاكانی شۆڕش بریتین لە: بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین، چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ، دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، و داماڵینی گەندەڵی.
بۆ ئەوەی هەر بزووتنەوەیەكیش بگاتە ئاستی سەركەوتن و ناوی لێ بنرێت شۆڕش، پێویستی بە چەند بنەمایەكی زێڕین هەیە؛ وەك: هەبوونی ئایدۆلۆژیا و پلانێكی ڕوون، سەركردایەتییەكی یەكگرتوو و كاریزما، پاڵپشتیی جەماوەری، هۆشیاریی شۆڕشگێڕانە، سەرچاوەی دارایی، و لە زۆربەی كاتەكانیشدا (بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بوونی باڵێكی چەكدار و پاڵپشتیی دەرەكی مەرجی مانەوەی شۆڕشەكەن.
كەی خەڵك بڕیار دەدەن شۆڕش بكەن ؟
بۆچی شۆڕش ڕوودەدات ؟ شیكارییە سایكۆلۆژییەكەی (جێمز دەیڤیس)، لێرەدا پرسیارە گەورەكە دێتە ئاراوە : كەی خەڵك بڕیار دەدەن شۆڕش بكەن ؟
بە پێچەوانەی تێگەیشتنە باوەكان كە پێیان وایە “هەژاریی ڕەها و برسیەتی” خەڵك دەكاتە شۆڕشگێڕ، سۆسیۆلۆژیستی ئەمریكی جێمز سی. دەیڤیس لە ساڵی ١٩٦٢دا تیۆرییەكی شۆكهێنەری خستەڕوو كە بە “تیۆریی چەماوەی جەی یان تیۆری بێبەشبوونی ڕێژەیی دەناسرێت.
دەیڤیس دەڵێت: مێژوو پڕە لەو كۆمەڵگەیانەی كە بۆ سەدان ساڵ لەژێر توندترین ستەم و هەژاریی ڕەهادا ژیاون، بەڵام هەرگیز یاخی نەبوون، چونكە بێئومێدی بووەتە بەشێك لە سایكۆلۆژیایان و بە چارەنووسی خۆیانیان قبوڵ كردووە. كەواتە شۆڕش كەی دروست دەبێت؟
شۆڕش كاتێك ڕوودەدات كە بۆ ماوەیەك ئاستی ژیانی خەڵك، گەشەی ئابووری، و ئازادییەكان بەرەو باشبوون دەچن. لەگەڵ ئەم باشبوونەدا، “ئاستی چاوەڕوانیی خەڵكیش” بەرز دەبێتەوە. بەڵام لەپڕ، بەهۆی قەیرانێكی ئابووری یان سەركوتكارییەكی سیاسییەوە، ڕەوشی ژیانی خەڵك لەناكاو دادەبەزێت. لەم ساتەدا، بۆشاییەكی گەورە دەكەوێتە نێوان ئەوەی خەڵك چاوەڕێیەتی بیبێت و ئەوەی لە واقیعدا هەیەتی. دەیڤیس ئەم بۆشاییە دەروونییە بە بێبەشبوونی ڕێژەیی ناو دەبات. خەڵك بەرگەی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر ناگرن، لەو ساتەدایە كە تووڕەیی دەتەقێتەوە و شۆڕش دروست دەبێت. كەواتە، دۆزەخ بۆ خەڵك ئەوە نییە كە هەمیشە لە تاریكیدا بن، بەڵكو ئەوەیە تیشكێكی ڕووناكییان پێ پیشان بدەیت و پاشان لێیانی بسەنیەوە.
ئایا شەقامە تووڕەكانی ئەوروپا لەمڕۆدا؛ شۆڕشن یان ناڕەزایەتی ؟
ئەگەر بە چاویلكەی تیۆرییەكەی (دەیڤیس)ەوە سەیری دۆخی هەنووكەیی جیهان بكەین، بەتایبەتی ئەو شەپۆلە گەورەیەی خۆپیشاندان و مانگرتنانەی كە ئێستا پایتەختەكانی ئەوروپای گرتووەتەوە (لە مانگرتنی شەمەندەفەرەكان لە ئەڵمانیا و بەریتانیاوە، تا دەگاتە خۆپیشاندانی جوتیاران لە فەرەنسا و برۆكسل)، پرسیارێك دێتە پێشەوە: ئایا ئەوروپا لەبەردەم شۆڕشدایە؟
وەڵامە زانستییەكە بۆ ئەمە نەخێرە. هەرچەندە دۆخی ئەوروپا بەتەواوی لەگەڵ تیۆریی بێبەشبوونی ڕێژەیی دەگونجێت؛ واتا هاووڵاتیانی ئەوروپا بۆ دەیان ساڵ لەوپەڕی خۆشگوزەرانی و ئابوورییەكی گەشەسەندوودا دەژیان، بەڵام لە پاش قەیرانی كۆرۆنا و هەڵگیرسانی جەنگی ئۆكرانیا، لەپڕ تووشی هەڵاوسانێكی گەورە، گرانبوونی وزە و دابەزینی ئاستی بژێوی بوون. ئەمە تووڕەییەكی گەورەی دروست كردووە، بەڵام ئەم تووڕەییە ناگۆڕێت بۆ شۆڕش.
هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی نێوان شۆڕش و بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی. شۆڕش كاتێك ڕوودەدات كە سیستەمەكە داخراوە و هیچ دەرچەیەك بۆ گۆڕانكاری نییە جگە لە هەڵتەكاندنی تەواوی ڕژێمەكە. بەڵام لە سیستەمە دیموكراسییەكانی ئەوروپادا، دامەزراوەكان كراوەن. خۆپیشاندانەكان لە ئەوروپا ئامانجیان گۆڕینی ڕژێمی سیاسی و دەستوور نییە، بەڵكو ئامانجیان گۆڕینی سیاسەتە گشتییەكانە بۆ نموونە زیادكردنی مووچە، یان هەڵوەشاندنەوەی باجێكی دیاریكراو. لە وڵاتانی دیموكراسیدا، سندوقەكانی هەڵبژاردن و دادگاكان ڕۆڵی سەردانەی قازانەكەدەبینن؛ كاتێك پەستانی كۆمەڵگە بەرز دەبێتەوە، لە ڕێگەی هەڵبژاردن و سزادانی حكومەتەوە ئەو پەستانە خاڵی دەكرێتەوە.
كەواتە ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەوروپا دەیبینین، شۆڕش نییە، بەڵكو مومارەسەكردنی زیندووی دیموكراسی و بزووتنەوەی مەدەنییە بۆ هێشتنەوەی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و كۆمەڵگەدا.
دەرەنجام :
مێژووی مرۆڤایەتی سەلماندوویەتی كە شۆڕشەكان دەرئەنجامی ستەمی كوشندە نین هێندەی ئەوەی دەرئەنجامی شكانی ئومێدەكانن. هەتا ئەو كاتەی نادادپەروەری و قۆرخكاری لە جیهاندا بمێنێت، خەیاڵی مرۆڤەكان بۆ گۆڕانكاری و بونیادنانی جیهانێكی نوێ كۆتایی نایەت. بەڵام ئەوەی چارەنووسی گەلان دیاری دەكات ئەوەیە: ئایا دوای سەركەوتنی شۆڕش، توانای بونیادنانی سیستەمێكیان هەیە كە شۆڕشەكانی داهاتوو پێویست بكات ؟
سەرچاوەكان:
١. دەیڤیس، جێمز سی. (١٩٦٢). بەرەو تیۆرییەكی شۆڕش ،گۆڤاری پێداچوونەوەی سۆسیۆلۆژیی ئەمریكی، بەرگی ٢٧، ژمارە ١.
٢. برینتۆن، كرەین. (٢٠١١). تۆێكاریی شۆڕشەكان، وەرگێڕانی: سمیر عبدالرحیم الجلبی. چاپی عەرەبی. بەغدا: دەزگای المدی.
٣. ئەمین، كەیوان ئازاد. (٢٠١١). شۆڕشی گەلان: پوختەیەكی مێژوویی-سیاسیی شۆڕشی گەلانی جیهان. چاپی یەكەم. سلێمانی: چاپخانەی چوارچرا.
٤. گیدێنز، ئەنتۆنی. (٢٠٠٥). شۆڕش و بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان. وەرگێڕانی: هیوا حاجی دێڵۆیی. چاپی یەكەم. هەولێر: چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

































































