خومار یوسف مستەفا
قوتابی زانكۆی سۆران – بەشی لێكۆلینەوە ستراتیجیە مێژوویی و شوێنەواری و كلتووری
مێژووی گەلی كورد پڕە لە هەوراز و نشێو، داستان و وێستگە بەرزەكان، كە تێیدا مرۆڤە گەورەكان خۆیان كردە قوربانیی مافە سەرەتایی و نەتەوەییەكانیان. كاتێك باس لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەم و قۆناغە سەختەكانی دوای جەنگی جیهانیی یەكەم و ڕووخانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی دەكرێت، یەكێك لەو ناوە درەوشاوانەی كە وەك هێمایەكی مەزنی بەرخۆدان دەدرەوشێتەوە، ناوی شێخ سەعیدی پیران .
ئەو تەنها ڕێبەرێكی ئایینی نەبوو، بەڵكو سیمبولێكی نەتەوەیی بوو كە توانی بۆ یەكەمجار لە قۆناغی نوێدا، هەستی نەتەوەیی و ئایینی بەیەكەوە گرێ بدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم و سیاسەتی توانەوە.
١. بنەچە، ژینگە و پێگەی كۆمەڵایەتی :
شێخ سەعید لە ساڵی ١٨٦٥ لە ناوچەی پالوو یان خنیس لە دایك بووە و یەكێك بووە لە شێخە بەرزەكانی ڕێبازی سۆفیگەریی نەقشبەندی. باوكی، شێخ مەحموود فەوزی ئەفەندی، و باپیری لەسەر كێشەی گەلەكەیان لەلایەن سوڵتانەوە شەهید كرابوون. خودی شێخ سەعید لە ژینگەیەكی زانستی و ئاینیدا پێگەیشت و دەستووری خوێندنی مەدرەسەی تەواو كرد.
بەهۆی زانایی، دەروێشی و ڕەوشتە بەرزییەكەیەوە، بووە ڕێبەری ڕێبازی نەقشبەندی و پێگەیەكی جەماوەریی فراوانی پەیدا كرد. ئەو زمانەكانی كوردی (كرمانجی و زازاكی)، توركی، عەرەبی و فارسی بە ڕەوانی دەزانی، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردیدا.
٢. بارودۆخی سیاسی، هۆكارەكان و هەڵگیرسانی شۆڕش :
لە دوای جەنگی جیهانیی یەكەم و پەیمانی لوزان (١٩٢٣)، حكومەتی نوێی توركیا نكۆڵیی لە هەموو بەڵێنەكان كرد و مافە نەتەوەییەكانی كوردی پشتگوێ خست. زمانی كوردی قەدەغە كرا، ناوی «توركی چیایی» لە كورد نرا، و سیاسەتی ڕاگواستن، دەستبەسەرداگرتنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و سەپاندنی باج و سەرانەی قورس (وەك باجی دووقات لەسەر نان، نەوت، شەكر و قوماشی لۆكە) بەسەر خەڵكدا سەپێنرا.
لە بەرامبەر ئەم ستەمكارییەدا، ڕێكخراوی «ئازادی» (سەربۆبوون) كە لە ڕۆشنبیران، ئەفەسەرە سەربازییەكان و سەرۆك هۆزەكان پێكهتبوو (وەك یوسف چیا و پالكوفنیك خالید)، شێخ سەعیدیان وەك ڕێبەری گشتیی شۆڕش هەڵبژارد. سەرەڕای پڕووباگۆندەی هەندێك لایەن كە شۆڕشەكەیان بە ئاژاوەی ئینگلیس یان كێشەی موسڵ دەبەستەوە، بەڵام شۆڕشەكە مۆركێكی نەتەوەییانەی هەبوو و لەگەڵ كۆمەڵی نەتەوەكان و وڵاتانی دروسیدا پەیوەندیی دیپلۆماسیی بەستبوو. تەنانەت ئەرمەن، ئاشووری و چەركەسەكانیش بەشدارییان تێدا كرد.
شۆڕشەكە لە شوباتی ١٩٢٥، كاتێك شێخ سەعید لە گوندی پیران لە ماڵی برای خۆی (عەبدولڕەحیم) ڕووبەڕووی هێزە توركەكان بووەوە و چەند سەربازێك كوژران، پێشوەختە سەری هەڵدا. هێزی كورد لە چوار ویلایەتدا نزیكەی ٦٠٠ هەزار كەس مەزەندە كرا، و هێزەكانی شێخ ئەیوب، شێخ شەممەدین و عەبدولرەحیم بەرەو ئامەد (دیاربەكر) ڕۆیشتن، بەڵام دوای چەند هێرشێك و بەهۆی خۆڕاگریی سوپای تورك، گەمارۆی شارەكە هەڵگیرا.
٣. دادگاییكردن، لەسێدارەدان و یادەوەریی نەمری :
سوپای توركیا بە چەكی قورس و فرۆكەی جەنگی ڕووبەڕووی شۆڕشەكە بووەوە. لە كۆتاییی نیسانی ١٩٢٥دا، بەهۆی خیانەتی سەرۆكی هۆزی جبرانان (قاسم بەگی جبرانان)، شێخ سەعید و ژمارەیەك لە شۆڕشگێڕان لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بە دیل گیران.
كاتێك عیسمەت پاشا لە زینداندا داوای لێكرد كە دان بە پەشیمانیدا بنێت تا ئازاد بكرێت، شێخ سەعید لە وەڵامدا گوتی:
«من داوای لێخۆشبوون تەنها لە خودا دەكەم و هیچیتر… من كوردم، خوێنی كوردم لە لەشادایە، تا دەمرم هەر كورد دەبم… بمكوژن من سود بە ئێوە ناگەینم.
دوای دادگاییكردنێكی یەك مانگی لە دادگای سەربەخۆیی لە دیاربەكر، شێخ سەعید و ٤٧ كەس لە هاوڕێ سەركردەكانی لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٥ لە مەیدانی شار لە ئامەد لەسێدارە دران. تەنانەت بۆ ساردكردنەوەی خەڵك، تەرمەكەیان لە گۆڕستانێكی نەناسراودا شاردەوە.
هەندێك لە وتە بەپێزەكانی:
زۆر لەو كەسانە مەكان كە نیشتمانیان ناوی ئاخر نیشتمان شەڕەفە، كەس ناتوانێت بە زور شەڕەف بدات بە كەسی بێشەرەف.
تەنانەت ئەگەر ڕۆژێك هات و ئێوەی كورد كوردبوونی خۆتان لەبیر كرد، دڵنیابن دوژمن هەرگیز لەبیرناكات كە ئێوە كوردن.
وا ژیان خەریكە كۆتایی دێت و هەرگیز پەشیمان نیم لەوەی لە پێناوی خودادا كردوومە، ئێمە دڵمان خۆشە چونكە كوڕ و كچەكانمان لە بەر ئێمە شەرم دایانناگرێت لە بەرەم دوژمناندا.
دەرەنجام :
شێخ سەعیدی پیران تەنها لاپەڕەیەك نەبوو لە مێژووی شۆڕشە كوردییەكان، بەڵكو قۆناغێكی گرنگ بوو لە هۆشیاركردنەوەی نەتەوەیی كورد. هەرچەندە شۆڕشەكەی بە هۆی جیاوازیی گەورەی هێز و چەك سەركوت كرا، بەڵام ناوی وەك هێمایەكی مەزنی سەربەرزی، بەرخۆدان و نەمری لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی كورددا بە نەمری ماوەتەوە.
سەرچاوە :
- 1969 ROAD MAP OF TURKEY (مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف پێشكەشی كردووە).
- قائممقام محمد رشدی و معلم محمد عبد القادر، مكمل و مفصل توركیه جمهوریتی اتلاسی، استانبول، 1928.
- Good & Darby, The University Atlas, 2nd ed. London, 1940.
- هەورامی، ئەفراسیاو. (2002). شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و سۆڤێت له بەڵگەنامه و چاپەمەنییە كانی سۆڤێت دا (پێداچوونەوەی زمان: حەسەن عەبدولكەریم). دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم (زنجیرەی كتێبی سەردەم، ژمارە 217). سلێمانی.
- جەنگی ڕاگەیاندن. (٢٠٢٥). شێخ سەعیدی پیران (١٨٦٥ – ١٩٢٥) [كۆمەڵە پوختەیەكی مێژوویی]. زنجیرەی دووەم: پیاوانێك لە خزمەتی ئیسلامدا (ژمارە ١٠).

































































