نادر ڕوستی
لەپێشدا كاری گێرەكردنمان ڕوون كردەوە، كە یەكێكە لە كارە كشتوكاڵییەكان، گێرە بەجەنجەڕ یەكێكە لە جۆرەكانی گێرەكردنی گەنم و جۆ، وەك گوتمان جەنجەڕ ئامێرێكە لە تەختەدار دروستكراوە و دوو دار لە شێوەی لولەك لەلای بنەوە بەشێوەیەك چەسپ دەكرێ كە بواری خولانەوەیان هەبێت، لەم دوو دارە لولەكییە كە شێوەی باگوردانی سەرجادەی وەرگرتووە. لەهەر دارێك كۆمەڵێك ئاسنی دەم تیژ لە شێوەی بیور چەسپ دەكرێن. ئەم ئاسنانە كاریان وردكرنی قرشەی گەنمە كە دەخرێنە سەرجۆخین، لای سەرەوەی جەنجەر بەجۆرێك دروست دەكرێ كە مرۆڤێك لەسەری دابنیشێت.
جەنجەڕ بە زۆری بەدوای دوو هێستر دەكرێ، بەشێوەی عارەبانە، هێسترەكان تەنیا كاریان ڕاكێشانی جەنجەر دەبێت، پیاوێك یان ئافرەتێك لەسەر جەنجەڕەكە سوار دەبێ بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر هێسترەكان و هێسترەكان بسوڕێنەوە. بەم شێوازە سوڕانەوە و گێرە، بەردەوام دەبێت و بەماوەیەكی كەمتر لەكاری گێرە بە ئاژەڵان گێرەكە دەكرێت. ئەم پیشەیە (كاركردن بە جەنجەڕ) زۆر كۆن نییە و تازەیە، پێموایە چەند ساڵێك لە پێش ڕاگواستن لە ڕوست پەیدا ببوو، بەڵام لەگەڵ ڕاگواستن كۆتایی هات، چونكە پەوەیست بوو بە پیشەی كشتوكاڵەوە.
ئامێری جەنجەڕ لەشار دروست دەكرا، یەكێك لە گونددا یان بەچەند گوندێك یەكێك دەیكڕێ. ئەو یەكە لەكاتی گێرەكردن كاری بریتی بوو لە گێرەكردن بە جەنجەر، خاوەنەكەی لەبری كارەكەی پارەی وەردەگرت، بەم شێوەیە گێرەكردن بەجەنجەڕ زۆر ئاسانترە لە گێرەی بە ئاژەڵان. ئەم كارە هەر چەندە لە وەرزێكی دیاریكراوی ساڵدا دەكرا، بەڵام داهاتێكی هەبوو، لەگەڵ ئەمەشدا خاوەن جەنجەڕ لە وەرزەكانی ساڵ دا كاری تری دەكرد، واتە تەنیا پشتی بەكاری جەنجەڕەكەی نەدەبەست.
سەرچاوەی بابەتەکە وەک خۆی وەرگیراوە لە کتێبی:
پیشە لە گوندیی کوردیدا، گوندی ڕوست وەک نموونە، نووسین و توێژینەوەی
نادر ڕوستی، ساڵی چاپی کتێب ٢٠٠٧
واتە ١٩ ساڵە ئەم کتێبە چاپ کراوە، بۆیە ئەگەر هەیە هەندێک لە زانیارییەکان گۆڕان بەسەریان داهاتبێت.
سوپاس بۆ هەر بەرێزێک کە زانیاری نوێ لە کۆمێنت دەخاتە سەر زانیارییەکانی کتێبەکە و دەوڵەمەندی دەکات.
دڵنیام هیچ ماندووبوون و بەرهەمێک بێ کەموکورتی نابێت.

































































