ئادار عەبدوڵڵا _ زاری کرمانجی
قوتابیانی قۆناغی دووەمی بەشی کارگێڕیی کار سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێریان کرد تا لە نزیکەوە ئاگاداری ڕاییکردنی مامەڵە ئیدارییەکان و ڕۆڵی ژوورەکە لە پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت بن.
ڕاگەیاندنی کۆلێژی تەکنیکی سۆران بڵاوی کردەوە؛ لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەستنەوەی لایەنی تیۆریی خوێندن بە بازاڕی کاری واقیعی و بە مەبەستی قووڵتر ئاشنابوونی قوتابیان بە لایەنی کرداریی وانەی یاسای بازرگانی، قوتابیانی قۆناغی دووەمی بەشی کارگێڕیی کار (خوێندنی بەیانیان و ئێواران)، بە یاوەریی م. فاطمە محمد عزو، سەرۆکی بەش، و مامۆستایانی بابەت (م. زنگین مسیحو اودل و م. ڤیان علی)، سەردانی مەیدانییان بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئەنجام دا.
لە سەردانەکەدا، شاندی قوتابیان و مامۆستایان لە لایەن بەڕێزان مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگری سەرۆکی ژوور، و هێمن فاروق نانەکەلی، بەڕێوەبەری ژوورەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.
لەگەڵ ئەوەشدا؛ قوتابیان بەشە جیاوازەکانی ژووری بازرگانییان بەسەرکردەوە بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە شێوازی ڕاییکردنی مامەڵە ئیداری و بازرگانییەکان، سەرەڕای ئاشنابوون بە چۆنیەتیی میوانداری و پێشوازیکردن لە شاندە بازرگانییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان.
لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا، جێگری سەرۆکی ژوور و بەڕێوەبەری ژوور بە درێژی پەیام، ئامانج، پێکهاتەی کارگێڕی و ڕۆڵی ستراتیژیی ژووری بازرگانییان لە ڕێکخستنی بازاڕ و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت بۆ قوتابیان ڕوون کردەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، دەرگای گفتوگۆی کراوە بۆ قوتابیان ڕەخسێنرا و لە لایەن بەڕێوەبەرانی ژوورەوە وەڵامی پرسیار و تێبینییە ئەکادیمییەکانی قوتابیان درایەوە.

































































