نووسین و ئامادەکردنی: کرێکار قادر ڕوستایی
نوسەر و شارەزا و خاوەن بڕوانامە ١٧ ساڵ ئەزموونی تیۆری و پراکتیکی لەبواری چارەسەری بە کەڵەشاخ
لە مێژووی پزیشکیی کۆندا، بەتایبەت لە سیستەمەکانی پزیشکیی یۆنانی، ڕۆمانی، چینی، هیندی و پزیشکیی سوننەتیی ئیرانیدا، هەمیشە گرنگییەکی تایبەت بە هاوسەنگیی نێوان پرۆسە فیزیۆلۆجییەکانی جەستەی مرۆڤ و گۆڕانی وەرزەکان دراوە. ئەم باوەڕە باوەی کە دەڵێت «باشترین کاتی کەڵەشاخ، وەرزی پێگەیشتنی هەنارە» (کە دەکەوێتە پاییز)، تەنها ڕایەکی کەلتووری و باو نییە، بەڵکو لەسەر بنەما ووردە زانستی و فیزیۆلۆجییەکان دامەزراوە.
لێرەدا بە شێوەیەکی زانستی و بابەتی، هۆکاری ئەم پەیوەندییە ڕووندەکەینەوە:
۱_ گۆڕانی فیزیۆلۆجی لە وەرزی پاییزدا، لە ڕووی زانستییەوە، گۆڕانی وەرزەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر سیستەمی بەرگری و سووڕی خوێنی لەش هەیە. پاییز وەرزێکی گواستنەوەیە لە گەرمای هاوینەوە بۆ سەرمای زستان.
لە هاویندا، بۆ ساردکردنەوەی لەش، بۆڕییەکانی خوێنی پێست فراوان دەبن و خوێن زیاتر دەچێتە بەرەو ڕووی پێست. بەڵام لەگەڵ هاتنی پاییز و ساردبوونی کەشوهەوا، لەش بۆ پاراستنی گەرمای ناوەکی، خوێن زیاتر دەگوازێتەوە بۆ ئەندامە ناوەکییەکان.
کاریگەریی کەڵەشاخ لەم وەرزەدا، وەک میکانزمێکی ڕێکخەر کار دەکات بۆ هاوسەنگکردنەوەی سووڕی خوێن، دابەشکردنی دروستی ئۆکسجین و خۆراک، ڕێگری لە خەستبوونەوەی خوێن دەکات، و یارمەتیدانی ئەندامە ناوەکییەکان دەدات بۆ فڕێدانی پاشماوەکان بە شێوازێکی کارا.
۲_ هەنار وەک هاوکارێکی پاککەرەوەی خوێن (Detox)
هەنار لە پزیشکیی کۆندا بە “شاژنی میوەکان” بۆ پاککردنەوەی خوێن ناسراوە. زانستی نوێش ئەم تایبەتمەندییەی هەناری سەلماندووە و پشتڕاستی کردووەتەوە :
ڕۆڵی هەنار لە پاککردنەوەی خوێن (Detox): هەنار سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە دژەئۆکسێنە سروشتییەکان، کە بە شێوازێکی فیزیۆلۆجی یارمەتی پاککردنەوەی خوێن دەدەن، پاشماوە و ماددە زیانبەخشەکان لە ناو خوێن و شانەکاندا کەمدەکەنەوە و باری کاری جگەر و سپڵ سووک دەکەن. ئەم کارە لەگەڵ ئەنجامدانی کەڵەشاخدا، هاوسەنگییەکی تەواو بۆ پاککردنەوەی جەستە دروست دەکات.
کاریگەری هەنار بەهاوبەشی لەگەڵ ئەنجامدانی کەڵەشاخ: ئەم تایبەتمەندییانەی هەنار، زەمینەیەکی زۆر باش بۆ کەڵەشاخ دەڕەخسێنن؛ چونکە کەڵەشاخ ژەهر و ماددە زیانبەخشەکان لە ژێر پێستەوە دەردێنێت، و هەنار خۆیشی لە ناوەوە خوێن پاک دەکاتەوە، پێکەوە سوودێکی دوقات بە جەستە دەگەیەنن.
۳_ هەڵدەستێت بە ڕێکخستنی سیستەمی هۆرمۆنی و شلەکانی لەش، کەڵەشاخ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر سیستەمی کۆنتڕۆڵکردنی ناوەکیی لەش هەیە؛ واتە ئەو سیستەمەی کە بە شێوازێکی سروشتی و بێ ئیرادە، کارە ناوەکییەکانی لەش بەڕێوە دەبات. کەڵەشاخ دۆخی سترێس و قەلەقی لە لەشدا هێور دەکاتەوە و باری ئارامی چالاک دەکات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی هۆرمۆنی سترێس (کۆرتیزۆڵ). لە لایەکی ترەوە، پێکهاتە سروشتییەکانی هەنار بەشدارن لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی شلەکانی لەش و کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن. پێکەوە، ئەم دوو کردارە لەش لە قۆناغی گۆڕانی وەرزدا لە دۆخێکی جێگیر و هاوسەنگدا دەهێڵنەوە.
٤_ کەشوهەوای وەرزی پایز گونجاو بۆ چاکبوونەوەی ڕووشاندنی کەڵەشاخ، لە ڕووی ژینگەیی و کردارییەوە، پاییز قۆناغێکی زۆر لەبارە؛ چونکە لە دوای ئەنجامدانی کەڵەشاخ پێست بۆ ماوەیەک هەستیارە و پێویستی بە کات هەیە بۆ ساڕێژبوونەوەی برینی جەستە، کەشوهەوای فێنک و هاوسەنگی پاییز زۆر گونجاوترە بەراورد بە هاوین، چونکە زۆریی ئارەقەکردنەوە مەترسیی هەوکردنی شوێنی برینەکان دروست دەکات) یان زستان (کە سەرمای توند دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسولکەکان.
بە کورتی، زانستی پزیشکیی تەواوکاری پشتگیری ئەم بۆچوونە دەکات کە کەڵەشاخ لە وەرزی پێگەیشتنی هەناردا نەک هەر گونجاوە، بەڵکو سوودەکانی بەهێزتر دەبن. کەڵەشاخ جەستە ئامادە دەکات بۆ پاکبوونەوە، و هەنار خۆراکێکە کە هاوکارییەکی ڕاستەوخۆی ئەم پرۆسە پاککەرەوەیە دەکات، لە کاتێکدا کەشوهەوا و گۆڕانکارییە فیزیۆلۆجییەکانی پاییز زەمینەیەکی گونجاو بۆ هەردووکیان دەڕەخسێنن.

































































