ئازاد جندیانی
ڕواندز؛ پێگەی مێژوویی و تایبەتمەندیی كلتوری
ڕواندز، وەك شارێك و پایتەختی یەكێك لە دیارترین و بەهێزترین میرنشینەكانی كوردستان (میرنشینی سۆران)، دواتریش وەك ناوەندێكی كارگێڕیی دەوڵەتی عێراق (١٩٢١) كە جوگرافیایەكی فراوانی هەبووە و سنوورە كارگێڕییەكەی ئەوسا و ئێستاشی دەگاتە سنوورە دەستكردەكانی ئێران و توركیا، لە زۆر ڕووەوە كلتور و كەلەپووری تایبەت بە خۆی هەبووە و هەیە. لەم وتارە كورتەدا ناكرێ لەو بارەیەوە بچینە قووڵایی زۆرتری مێژوو، كە ئەمە دەبێت نەك من، بەڵكو كۆڵەر و توێژەرانی بوارە جیاجیاكان وەك ئەركی خۆیان بگرنە ئەستۆ. لەم نووسینە كورتەمدا دوو مەبەستم هەن، كە یەكێكیان دەخەمە كۆتایی نووسینەكە.
دەستگیرۆیی و پشتیوانیكردنی فەقێ و حوجرەكان
زۆرینەی دەوڵەمەندەكانی ڕواندز بە كاریگەریی ئاكار و ئامۆژگارییە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانی كوردیواری، هەمیشە چاكەكار بوونە. بەپێی ئەو ئەركانەی وەك زەكات، سەرفیترە و دەستگیرۆیی تر، چاویان لە هەژار و نەداری شارەكە و ڕێبوارەكان بووە. بێگومان بەپێی هەبوونی كۆمەڵێك مزگەوت، حوجرە، تەكیە و خانەقای تەریقەتەكانیش، پارەدار و دەستڕۆیشتووان و بگرە كەسانی ئاساییش پشتیوانیی حوجرە و فەقێكانیان كردووە تا بتوانن خوێندنی خۆیان تەواو بكەن. ڕەنگە كلتوری دەستگیرۆییكردنی فەقێ و حوجرەكان لە هەموو ناوچەكانی كوردستان هەبووبێت و تا ئێستاش بە شێوازی تر بەردەوام بێت.
پشتیوانیكردنی خوێندكارانی زانكۆ لە بەغدا
لە ساڵانی شەستەكانی نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا، دوای ئەوەی هەلومەرجی خوێندن لە ڕواندز پێشكەوت و ساڵانە هەندێك قوتابی لە هەر دوو زانكۆكەی بەغدا وەردەگیران، گەرچی خوێندن و نشینگە لەلایەن دەوڵەتەوە دابین دەكرا، بەڵام خەرجیی زێدەباری تر دەكەوتە سەر خوێندكاران كە بۆ بنەماڵە دەستكورتەكان ئاسان نەبوو. لەو سەردەمەدا، كەیایەتییەكی دەوڵەمەندی ڕواندزی بە ناوی ڕێزدار (سالم كەمال)، كە كاری لە كوردستان بوو بەڵام ماڵی لە بەغدا بوو، دەستگیرۆیی خوێندكارە ڕواندزییەكانی ئەوێی دەكرد. ئەمە كلتورێكی جێی ستایش و ڕێز بوو كە ئاواتەخوازم پسپۆڕان بەدواداچوونی زیاتری بۆ بكەن.
پڕۆژەكەی كاك حازم كوردە و داواكاری بۆ پەرەپێدانی كلتورەكە
لە سەردەمی ئێستاماندا و ماوەی چەندین ساڵە، كاك حازم كوردە (حازم حاجی كەریم قاسم) پڕۆژەیەكی بەردەوام و جیاوازی بۆ پشتیوانیكردنی خوێندن لە ڕواندز دەستپێكردووە. ساڵانە لە ڕێوڕەسمێكی خۆش و شایستەدا ڕێز لە یەكەمەكانی ڕواندز و بنەماڵەكانیان دەنێت كە ئێستا بۆتە كلتورێك بە خاوەندارییەتی كاك حازم، هیواداریشم ئەم كلتورە بە شێوەی جیاجیا بەردەوام و پەرەسەندوو بێت. هەرچەندە دەستەواژەی “چاولێكەری” لە شێوەزاری ڕواندزیدا هەمیشە وەك ئەرێنی بەكارنایەت، بەڵام دەڵێم با ئەم خەسڵەتەی كاك حازم ببێتە مایەی چاولێكەری. با دەوڵەمەندەكانی ڕواندز (ئەوانەی ناوەوە، شارەكانی تری كوردستان و دیاسپۆرا) كە دڵنیام چاكەخوازی زۆریان تێدایە، بەردەوامی و پەرە بەم كلتورە بدەن. پێویستە ئەم كارانە بوارەكانی تری ژینگەی كۆمەڵایەتی و كلتوریی پایتەختی دێرینی میرایەتی سۆران بگرێتەوە. گەشەی هونەری، ئەدەبی، شوێنەواری و كۆمەڵایەتی پێویستی بەوەیە ناسنامەی ڕواندز ڕەنگاوڕەنگتر و كۆكەرەوەتر بێت.
پەیامی داوای لێبوردن و كۆتایی
مەبەستی دووەمم لەم نووسینە ئەوەبوو كە داوای بووردن لە كاك حازم و قوتابییە ڕێزلێنراوەكانی ئەمساڵ بكەم، كە بە هۆكارێكی دەرەوەی ویستی خۆم نەكرا لە خۆشیی بۆنەكەدا بەشدار بێم. دەزانم لە بەشدارنەبوونمدا تەنیا خۆم زیانم بەركەوتووە، گرنگ ئەوەیە ئێوە دڵخۆش بووبن كە دڵنیام هەرواش بووە.
١٢ / ١٠ / ٢٠٢٦

































































