مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سكات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریكا، ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی پێدەچێت لەم هەفتەیەدا دەست بەسەر یەك ملیار دۆلار لە دراوی دیجیتاڵی سەر بە كۆماری ئیسلامی ئێراندا بگرێت.
سكات بەسێنت، لە هەڤپەیڤێكدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی “نیوزماكس” لە واشنتن، جەختی لەوە كردەوە كە هەڵمەتی “گۆشەگیركردنی ئابووریی ئێران” كاریگەریی خۆی هەبووە.
جگە لە درێژەدان بە گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران كە لەلایەن سوپای ئەمەریكاوە سەپێنراوە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە لەژێر ناوی “ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیركردنی ئابووری” دەستی بە چڕكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران كردووە. هەر لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا، ئەمەریكا سزای بەسەر سەرجەم هێڵە ئاسمانییەكانی ئێراندا سەپاند و دوا بە دوای ئەوەش ژمارەیەك وڵات لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمەوە گەشتە ئاسمانییەكانی ئێرانیان لە فڕۆكەخانەكانیان قەدەغە كرد.
وەزیری خەزێنەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە دا كە ستراتیژیی حكومەتی ئەمەریكا بۆ ئەوە دانراوە كە حكومەتی ئێران بە تەواوی گۆشەگیر بكات و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەكان، ڕێگاكانی گواستنەوە و سەرچاوە داراییەكانی لێ ببڕێت. ناوبراو جەختی كردەوە كە واشنتن سەروەت و سامانی دارایی لە دەرەوەی سیستەمی بانكیی تەقلیدیش دەكاتە ئامانج.
بەسێنت ڕایگەیاند: “پێدەچێت لەم هەفتەیەدا دەست بەسەر یەك ملیار دۆلار دراوی دیجیتاڵیدا بگرین.” و زیاتر گوتی: “دەزانین ئەم سەروەت و سامانانە لە كوێن و خەریكین بە تەواوی گۆشەگیریان دەكەین.”
وەزیری خەزێنەی ئەمەریكا هەروەها ڕەخنەی توندی لە گەشتە دەرەكییەكانی بەرپرسانی ئێرانی گرت و گوتی: “ئیتر ئەندامانی سوپای پاسداران ناتوانن بۆ نەشتەرگەریی جوانكاری سەردانی لەندەن بكەن، یان بچن بۆ سەردانی هاوڕێ و هاوسەرەكانیان لە پاریس و پارەكانیان لە ژنێڤ هەڵگرن.”
لە كۆتاییدا، بەسێنت باسی لەوەش كرد كە گۆشەگیركردنی بەرپرسانی حكومەت لە ناوخۆی ئێراندا دەتوانێت فشاری دەروونیی بەهێز بخاتە سەر سەركردایەتیی وڵاتەكە.

































































