ئادار عەبدوڵڵا- زاری كرمانجی
عەلی جەلال : دوكانی بەرگ دووری هەیە لە شاری سۆران كە بۆ ماوەی چەندین ساڵە ئەم پیشەیە كاریەتی و بە قوماشە مەرەزیەكانی بەشداری كردبوو لە چوارەمین فێستیڤاڵی پایزەی بەرهەمی خۆماڵی لە دیدارێكی زاری كرمانجی دەڵێت: ” قاتی مەرەز، میراتێكی دوو هەزار ساڵەی كوردی كە لە گوڵەوە ڕەنگ دەكرێت و بۆتە ڕازێكی مۆدێرن لە بەرگی گشت تەمەنەكاندا.
لە بەردەوامی قسەكانیدا عەلی جەلال، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” قوماش و قاتی مەرەز هەمووی دەستكردی خۆماڵییە بە دەست دروست دەكرێت نەك كارگە، زیاتر لە ناوچەكانی بەری مەرگەی كانی دووەو قەڵادزێ و سنەو لە ناوچەكانی زاخۆ و چەند شوێنێكی دیكەی كوردستان دروست دەكرێن، ئەم جۆرە قاتە موشتەری تایبەت بە خۆی هەیە، لە دەڤەری سۆرانیش خواستی لەسەرە”.
ئەوەش دەخاتەڕوو: “لای ئێمە دوو جۆر فوماشی مەرەز هەیە مەرەزی زاخۆ لەگەڵ مەرەزی مەرگەی لە ڕووی كوالێتیەوە یەك كوالێتییە بەس لەڕووی نەخشەكانیانەوە جیاوازی هەیە، بۆ نموونە مەرەزی جەوهەری، هەمان جەوهەری هەیە بەڵام جەوهەری زاخۆی توندتر (ڕوونترە)”.
گووتیشی: ” ڕەنگكردنی قوماشەكە هیچ كاریگەرییەكی نییە لەڕووی لەبەر كردنەوە هیچ ماددەیەكی كیمیایی تێدا نییە و ڕەنگەكانی لە گوڵ وەردەگیرێت وەكو ئەوەی من زانیبێتم ئەڵێن دوو هەزار ساڵ بەر لە زاینە پارچە قوماشی مەرەز تایبەت بە كوردییە”.
ئەوەش دەخاتەڕوو: “دروستكردنی چاكەت و كۆت لە قوماشی مەرەز، خواستی لەسەرە، شێواز و گوڕانكاری ئەتوانی بە هەر شێوازێك بێت ئە دورێ بەڵام زیاتر بە شێوازی قاتی كوردی، نرخەكەشیان جیاوازە بۆ نموونە نرخی قاتێكی كوردی مەرەز بە پێی كوالێتەكەی جیاوازە، لە نێوان (250 هەزار تا سەرووی 2 ملیۆن دینارە).

































































