سبەی دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەیەک لە “هەژماری من”ـیش ئاشکرای کرد، زیاتر لە 1 ملیۆن مووچەخۆر لە ڕێگەی زیاتر لە 710 ئامێری ATMـەوە بەبێ دروستبوونی هیچ کێشەیەک مووچەکانیان وەردەگرن.
بەپێی زانیارییەکان، ڕێژەی خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەکە لە 100% نزیک بووەتەوە و کەمتر لە 10 هەزار فەرمانبەر ماون مامەڵەکانیان تەواو بکەن؛ هاوکات کارکردن بەردەوامە تاوەکو پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ، سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەنی کارتی بانکی و کێشەیان نەمێنێت.
هەروەها بۆ ئاسانکاریی زیاتر، ژمارەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لەو بانکانەی کێشەی کەمیی ئامێریان هەبوو زیاد کراوە؛ ئەم هەنگاوە ستراتیژییەش بە هاوئاهەنگیی ڕاستەوخۆی نێوان نووسینگەی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دارایی بۆ خزمەتکردنی تەواوی فەرمانبەران بەردەوامیی هەیە.

































































