هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان بڵاویان كردەوە، كە لەم شەوەوە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، كۆمپانیای داناگاز هەناردەی غاز دەكەم دەكات و بەمەش بڕی هەزار و 70 مێگاوات كارەبا كەم دەكات، جەخت لەوەش دەكەنەوە، كە هەموو هەوڵێكی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی لەم چوار ڕۆژەدا کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت.
ئەمشەو، 8ـی 10ـی 2026، هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشیان لەسەر كەمبوونەوەی كارەبا بڵاو كردەوە و ڕایانگەیاند: “کاتژمێر 12ـی ئەمشەو بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، کۆمپانیای داناگاز دەست بە قۆناغی دووەمی چاکسازییەکەی دەکات و هەناردەی غاز لە 520 ملیۆن پێ سێجا بۆ 260 ملیۆن پێ سێجا کەم دەکات، بەمەش بڕی هەزار و 70 مێگاوات کارەبا کەم دەکات.”
هەردوو وەزارەت جەخت لەوە دەكەنەوە، كە “لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت.”
ڕوونیشی دەكەنەوە، كە “هەروەکوو پێشتریش ڕامانگەیاندبوو ئەم کەمبوونەوەیە لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی غازی شلی ماڵان ناکات.”

































































