نووسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکیی تەواوکاری
چوونە نێو بەفر یان بەرکەوتنی لەناکاوی سەرما، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر فیزیۆلۆژیای لەش هەیە. بەڵام ئەم کارە ڕێکاری تایبەتی تەندروستی و ڕێنمایی کەسانی شارەزای دەوێت؛ چونکە بەرکەوتنی ساردیی بەفر بێ ڕاهێنانی پێشوەختە و بەبێ ئامادەکردنی جەستە، کارێکی مەترسیدارە. پێویستە مرۆڤ پلەبەپلە و لەرێگەی ڕاهێنانی تایبەتەوە جەستەی ڕابهێنێت تاوەکو بەرگەگرتنی زیاتر بێت.
سوودە زانستی و تەندروستییەکانی چوونە نێو بەفر :
١_ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری، جەستە هاندەدات بۆ دروستکردنی زیاتری خڕۆکە سپییەکان و دژەتەنەکان، کە پاراستنی لەش بەرامبەر پەتای وەرزی و ڤایرۆسەکان زیاد دەکەن.
٢_ چالاککردنی سووڕی خوێن، سەرما دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی لەناکاوی بۆڕییەکانی خوێن و پاشان فراوانبوونەوەیان، ئەمەش لێدانی دڵ چالاک دەکات و خوێنگەیاندن بۆ ئەندامەکانی جەستە بەهێزتر دەکات.
٣_ هاوسەنگکردنی پەستانی دەروونی و بەرزکردنەوەی مەزاج، دەردانی هۆرمۆنەکانی ئارامی و دڵخۆشی وەک سێرۆتۆنین و ئۆکسیتۆسین و ئاددپامین زیاد دەکات، کە یارمەتی کەمکردنەوەی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و قەلەقی و ڕاڕایی دەدات.
٤_ ڕێکخستنی خەو و زیادکردنی وریایی، بەهۆی هاندانی کۆئەندامی دەماریی ناوەندی، ئاگایی و یادەوەری بەهێز دەکات و ماندوێتیی درێژخایەن ناهیڵێت و سیستەمی خەو ڕێکدەخاتەوە و هەست ئارامی زیاتر دەکات.
٥_ ڕژێنی سووتاندنی کالۆری چالاک دەکات بەهۆی هاندانی شانە چەورییە سوودبەخشەکان (Brown Fat)، کە ئەرکیان بەرهەمهێنانی گەرمی و سووتاندنی چەوریی زیانبەخشی جەستەیە
٦_ ڕێکخستنی کۆئەندامی دەمار، دەمارە ڕاگەیاندنەکانی مێشک و جەستە چالاک دەکاتەوە و بەرگەگرتنی سیستەمی دەماری زیاد دەکات.
٧_ کەمکردنەوەی ئازار و هەوکردنی ماسولکەکان، بۆ یاریزانان و وەرزشوانان چارەسەرێکی باو و کاریگەرە (Cryotherapy)؛ ئاوساوی، یەکگرتوویی ئازار و هەوکردنی ماسولکەکان دوای ڕاهێنان یان پێکان خێرا چاک دەکاتەوە.
٨_ ڕێکخستن و هاوسەنگکردنی پلەی گەرمیی جەستە، ڕێکاری ڕاهێنانی جەستە بە سەرما، توانای خۆگونجاندنی گەرمیی سەرەکیی لەش (Thermoregulation) بەهێزتر دەکات.
٩_ باشترکردنی کرداری هەرس، بەهۆی کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی دەماری سەربەخۆ (Autonomic Nervous System)، جوڵەی ڕێخۆڵەکان و هەرس ئاسانتر دەکات.
١٠_ ژین و وزەیەکی نوێ دەبەخشێتە لەش؛ هەستی ئاسوودەیی دەگەڕێنێتەوە و گەنجێتی و چالاکی نوێبوونەوە لە تەواوی ئەندامەکانی لەش دروست دەکات.
١١_ بەسوودە بۆ تەندروستی و گەشاوەیی پێست، کونیڵەکانی پێست تەسک دەکاتەوە، پێست لە چورچی و لۆچی پێشوەختە دەیپارێزێت و توندبوونەوە بە شانەکانی پێست دەبەخشێت.
کێن ئەو کەسانەی ناتوانن یان نابێت بچنە نێو بەفرەوە؟
١_نەخۆشانی گورچیلە, ئەوانەی سستیی گورچیلەیان هەیە یان شۆردنی گورچیلەیان بۆ کراوە (غەسڵی گورچیلە) دەکەن.
٢_ نەخۆشانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن، سەرما پەستانی لەناکاو دەخاتە سەر دڵ و دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی بۆڕییەکانی خوێن کە مەترسیدارە. بۆ ئەو کەسانەی کێشە و نەخۆشی دڵیان هەیە.
٣_ کەسانێک کە پەستانی خوێنیان زۆر بەرزە یان خوێنیان خەستە، بەرکەوتنی شەپۆلی سەرما بەشێوەی لەناکاو مەترسیی بەرزبوونەوەی شۆکئاسای پەستانی خوێن زیاتر دەکات.
٤_ بەساڵاچووان و کەسانی بێهێز، ئەوانەی توانای جەستەیان کەمترە بۆ بەرهەمهێنانەوەی گەرمی و ڕاگرتنی پلەی گەرمیی ئاسایی لەش، یان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.
٥_ تووشبووانی هەوکردنی جومگەکان، ئەوانەی نەخۆشیی ڕۆماتیزم، سەوەفان یان نەخۆشیی پێستییان هەیە ئەگزیما و هەستیاریی سەختی سەرمایان (Cold Urticaria) هەیە.
٦_ ئەو کەسانەی باری تەندروستی و مزاجی لەشیان زۆر ساردە: یان هەستیاریی بەرزیان بە سەرما هەیە (Mizaj/Constitutionally Cold).

































































