بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە سەرجەم بازرگان و فرۆشیاران کە بە بیانووی گۆڕانکاری لە بەهای دۆلار، نابێت تاوەکو دوو مانگی دیکە هیچ جۆرە کاڵا و شمەکێک لە بازاڕەکاندا گران بکرێت، هاوکات سزای توند بۆ سەرپێچیکاران ڕادەگەیەنێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ دابەزینی بەهای دینار نابێت کاریگەریی دەستبەجێ لەسەر بازاڕ دروست بکات، چونکە ئەو کۆگا و کاڵایانەی پێشتر هاوردە کراون، تا نزیکەی 2 مانگی دیکە بەشی پێداویستیی تەواوی هاووڵاتییان دەکەن، بۆیە پێویستە لەو ماوەیەدا سەرجەم نرخەکان وەک خۆیان بە جێگیری بمێننەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد، لێژنەکانی چاودێریی بازاڕ بەردەوام پشکنین بۆ پسوولەی کڕین و فرۆشتنی مارکێت و کۆگاکان دەکەن و هەر کەسێک بە نایاسایی نرخ بەرز بکاتەوە، ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی و سزای دارایی دەبێتەوە. هاوکات بۆ پاڵپشتیی بازرگانانیش، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر هێڵە بۆ کەمکردنەوەی باج و ڕسووماتی گومرگی تا بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان دروست نەبێت.
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە بەپێی بڕیارێکی نوێ لە بەغدا، نرخی فەرمیی فرۆشتنی 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ هاووڵاتییان لە 132 هەزار دینارەوە بۆ 152 هەزار دینار هەموار کراوەتەوە.

































































