گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، هیچ كێشەیەك بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروست نابێت، هەروەها پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا كەم كراوەتەوە و هێشتا ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوە.
ئەمڕۆ سێشەم شەشی تشرینی یەكەم، دانەر عەبدولغەفار گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا، دڵنیایی دایە فەرمانبەران و هاووڵاتییانی كوردستان لەبارەی مووچە و دووپاتی كردەوە، شایستە داراییەكانی مووچەخۆران لە كێشە سیاسی و بودجەییەكان جیا كراونەتەوە و كێشەی بۆ دروست نابێت.
گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە كرد، ئێستە شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدان و لە گفتوگۆی چڕدان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵ.
ئاماژەی بەوەش كرد، لەبەرئەوەی پشكی هەرێم لە بودجەدا بەشێوەیەكی نادادپەروەرانە كەم كراوەتەوە، تا ئێستە هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی لە نێوان هەردوولادا واژوو نەكراوە.
































































