مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوە دا كە بڕیاری كشاندنەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی وڵاتەكەی لە بنكەی (ڕاف فێرفۆرد) لە بەریتانیا، لەسەر بنەمای (ئەوپەڕی وریایی) و بۆ پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمریكا بووە.
ڤانس لە لێدوانێكدا بۆ ڕاگەیاندنەكان كە لە كاتی گەشتەكەیدا لە ویلایەتی كارۆلاینای باكوورەوە بەرەو ئالاسكا بۆ بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا ڕایگەیاند “وەزیری بەرگری لەسەر بنەمای وریایی ئەم بڕیارەی داوە، چونكە ئەنجامدانی ئەم ئەركانە و تەنانەت مەشقی سەربازیش لە بنەڕەتدا مەترسیی لەگەڵدایە.”
ئاماژەی بەوەش كرد كە بە متمانەیەكەوە پێیان وایە ئێرانییەكان بەردەوامن لەسەر هەمان ئاڕاستەی 49 ساڵی ڕابردوویان لە ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی دژی ئەمریكا و وڵاتانی تر.
ئەم هەڵوێستەی واشنتن دوای ئەوە هات كە حكومەتی بەریتانیا چەند كەسێكی لە نزیك بنكەی ئاسمانیی (ڕاف فێرفۆرد) بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی دەستگیر كرد، هەرچەندە دواتر بە كەفالەت ئازاد كران و لێكۆڵینەوەكان لەسەر ڕووداوەكە هێشتا بەردەوامن.
بەدوای ئەم ڕووداوەدا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا فڕۆكە جەنگییەكانی لە بەریتانیا كشاندەوە و لە بنكە سەرەكییەكانی خۆیان لە ناوخۆی ئەمریكا جێگیری كردنەوە. لەلایەكی ترەوە، گوتەبێژی پنتاگۆن جەختی كردەوە كە هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا، لەنێویاندا فڕۆكە بۆمبهاوێژەكانی B-1، B-2 و B-52، لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ ئەنجامدانی هەر ئەركێك لە هەر كات و شوێنێكدا.

































































