مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هۆشدارییەكی توندی بڵاوكردەوە و داوای لە هاووڵاتییانی بیانی و دیپلۆماتكاران كرد بەپەلە كیێڤی پایتەخت و شارەكانی دیكەی ئۆكرانیا جێبهێڵن. وەزارەتەكە ڕایگەیاند كە لە وەڵامی هێرشەكانی ئۆكرانیادا، هێرشە “سیستەماتیك و بەردەوامەكانیان” بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەكان چڕتر دەكەنەوە و بەرپرسیارێتیی هەر ڕووداوێكی نەخوازراو دەخەنە ئەستۆی ئەوانەی پابەندی هۆشدارییەكە نابن.
ئەم پێشهاتە لە كاتێكدایە كە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕووسیا، هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە ئۆكرانیا باجی هێرشەكانی دەدات. لە ئێستاشدا ململانێكان سەختتر بوون؛ ڕووسیا هێرشەكانی بۆ سەر كیێڤ (لە نێویاندا بەئامانجگرتنی پردێكی ڕووباری دنیپرۆ) و دەریای ڕەش چڕ كردووەتەوە، لە بەرانبەریشدا ئۆكرانیا لە ڕێگەی درۆنەوە دەیان هێرشی كردووەتە سەر پاڵاوگەكانی نەوت و دامەزراوەكانی دیكەی ناو ڕووسیا.

































































