ن/ ئیسماعیل ئیبراهیم
لە سەروبەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراقی بێ سەروەری، جەنابی سەرۆك لە دیمانەیەكیدا، كۆمەڵێك بابەتی هەستیاری و پێشبینی خستەڕوو، بێگومان ئەزموونی سیاسی سەرۆك و ئاگاییان لە رووداوەكان و بڕیارەكانی پشت دەرگا داخراوەكان بەرچاوڕوونی لە ئەگەری كۆمەڵێك مەترسی بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی كوردستانیش خستەڕوو.

“هیچ لایەنێك پێیوانەبێت لەبەر ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتێكی داگیركەر باشە پڕوشكی ئاگرەكە نایگرێتەوە”
پیلانی لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان، پابەند نەبوون بە دەستوور و بوونی ئەو هەموو هێزە چەكدارە لە دەرەوەی حكومەت، بوونی هزری یەكتر قبوڵ نەكردن لە نێو كایەی سیاسی و دەستەڵاتی ئێستای عێراق، ئەگەر سەرهەڵدانەوەی دەستوور هەموو ئەمانە وەك هۆشدارییەكە بۆ تێكچوونی دۆخی عێراق لە داهاتوویەكی نزیك.
هەروەها وتەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتیش، بە هەمان ئاراستە بەڵام دەربڕینێكی دیكە بوو، هەروەك چۆن گووتارەكەی سەرۆكی هەرێم لە بەغدا هەمان ئاماژە بوون بە زمانێكی دیپلۆماسی. دواتر بینیمان رێك دوای كشانەوەی هێزی سەربازی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق، راستەوخۆ یاسای حەشدی شەعبی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا. یاسایەك كە هێزەكە دەكاتە دامەزراوەیەكی سەربازی یاسایی دەستكراوەتر.
لە لایەكی دیكەشەوه هەمان رۆژ سوپای تورکیا كشانەوەی هێزەكانی لە باشیک بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ راگەیاند و بنكە و بارەگاكانیان رادەستی هێزەكانی عێراق دەكەن، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ هێزەكانیان لە سەر سنوورەكانی باكوور و رۆژهەلات بۆ باشوور بەهێزتر دەكەن، كە ئەمەش ئاماژەی باش نین. رۆژانە هێزە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات دەكرێنە ئامانج. هەسەدە چووە نێو سوپای سووریا. سەركردەی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە شیعەی نزیك لە ئێران وەك تانە لێدان بە كورد دەڵین خەمتان نەبێت خۆمان دەتان پارێزین.
ئەم ڕووداوانە پێمان دەڵێن هاوکێشەكان بە جۆرێكی دیكە دەگۆڕدرێن. واتە پێویستە بۆ سەركردایەتی سیاسی كورد جێگەی هەڵوێستە لەسەر كردن بێت و رووداوەكان و ئەگەری كاریگەرییان بە هەند وەرگرن.
“لە ئەگەری سەرگرتنی پیلانەكانی داگیركەران هیچ لایەنێكی سیاسی لە هەر چوار پارچەی كوردستان سەلامەت نابێت“
هیچ عەرەبێك دۆستی كورد نەبووە، وەك چۆن تورك و فارس دۆستی كورد نەبوونە، بۆیە ناشێ هەرگیز متمانە بە قسەی بریقەداری دیپلۆماسی و گووتاری سیاسی وڵاتانی داگیركەر بكەن. لە ئەگەری سەرگرتنی پیلانەكانی داگیركەران هیچ لایەنێكی سیاسی لە هەر چوار پارچەی كوردستان سەلامەت نابێت، ( مەگەر جاش و بەكرێ گیراوی یەكێك لەم وڵاتانە بێت). بۆیە هیچ لایەنێك پێیوانەبێت لەبەر ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتێكی داگیركەر باشە و هاوئاوازیانە، پڕوشكی ئاگرەكە نایگرێتەوە، ئەم دۆخە مەترسیدارە راستە و چەپ، علمانی و ئیسلامی، هاوڵاتی و سیاسی، هەژار و سەرمایەدار، گوندی و شاری پێكەوە دەستووتێنێت.
































































