ئەمڕۆ چوارشەممە (30ـی ئەیلوول)، هێزەکانی ئەمریکا بە داخستنی دوایین بنکەی سەربازی، کۆتایی بە کشانەوەی تەواوەتییان لە عێراق دەهێنن؛ بەمەش قۆناغێکی سەربازی 23 ساڵە کە تێیدا 1.7 تریلیۆن دۆلار خەرجکرا و 4,500 سەربازی ئەمریکی تێدا کوژران، کۆتایی دێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جورنال) و ئاژانسی (ڕۆیتەرز)، کشانەوەکە لە کاتێکدایە کە نیگەرانیی قووڵ لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی هەیە؛ چونکە لە غیابی پاڵپشتی هەواڵگری و ئاسمانی واشنتندا، پێگەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە بەرەی مقاوەمە بەهێزتر دەبێت و دەرفەتیش بۆ چالاکبوونەوەی شانە نووستووەکانی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕەخسێت، لە کاتێکدا عێراق هێشتا سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێویستی نییە.
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە چیتر پێویستیان بە بوونی سەربازی لە عێراق نییە و پشتبەستووە بە حکومەتەکەی عەلی زەیدی بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکان؛ لە بەرامبەردا شرۆڤەکاران ئاماژە دەکەن ئێران و هاوپەیمانەکانی ئەم کشانەوەیە وەک سەرکەوتن دەبینن بۆ فراوانکردنی زیاتری هەژموونی خۆیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا.

































































