ئادار عەبدوڵڵا _ زاری کرمانجی
کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن (VW) کە دووەم گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێلە لە سەرانسەری جیهاندا، تووشی قەیرانێکی دارایی قووڵ بووەتەوە. کۆمپانیاکە هۆشداری داوە کە ڕێژەی قازانجی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و تەنها دەگاتە ١٪.
بەپێی ئاژانسی : .reuters.com ١١.٥ ملیار دۆلار (١٠ ملیار یۆرۆ) تێچوو و زیانی یەکجارەکیی کۆمپانیاکەیە، کە بەشێکی زۆری بەهۆی کێشەکانی براندی ئۆتۆمبێلی وەرزشیی “پۆرشە”وەیە. ٦ ملیار یۆرۆ دابەزینی بەهای مارکەی پۆرشەیە لە بازاڕدا.
دوای ڕاگەیاندنی هەواڵەکە، پشکی کۆمپانیای ڤۆڵکسواگن بەڕێژەی ٥.٦٪، پشکی پۆرشە بەڕێژەی ٣.٣٪ و پشکی پۆرشە SE بەڕێژەی ٤.٩٪ ڕوویان لە دابەزین کرد.
هەروەها چین و ئەمریکا دوو گەورەترین بازاڕی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلن لە جیهاندا. ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکان و رکابەریی بەهێز بەتایبەت سەرهەڵدانی کۆمپانیا چینییەکانی ئۆتۆمبێلی ئۆتۆماتیک و بەنزین و کارەبایی فرۆشی ڤۆڵکسواگن و پۆرشەی لەو دوو وڵاتەدا کەمکردووەتەوە.
پۆرشە کە هەمیشە وەک سەرچاوەی سەرەکیی قازانجی بەرز بۆ گرووپی ڤۆڵکسواگن دادەنرا، تووشی دابەزینی خواست بووەتەوە و بەهای خۆی لە دەستداوە.
































































