زاری كرمانجی-سۆران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە هەڕەشە سەربازییەکانی دژی ئێران نوێ کردەوە و هۆشداری دا لەوەی لەوانەیە هێزەکانی وڵاتەکەی پێگەی ئەتۆمیی قایمکراوی “چیای فەئس” لە نزیک دامەزراوەی پیتاندنی نەتەنز بۆردومان بکەن، هاوکات داوای لە تاران کرد “خۆی بە زیرەک نەزانێت” ئەگەرنا بە توندی لێیان دەدەن.
ترەمپ لە وتارێکدا لە میانی کۆنگرەی پارتی کۆمارییەکان پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن بە تەواوی ئاگاداری ڕووداوەکانە و چالاکیی لە پێگەی “جەبەل فاس” بەدیکردووە، هەربۆیە ڕەنگە ناچار بن ئەو پێگەیە بکەنە ئامانج.
پێگەی چیای فەئس دەکەوێتە نزیک دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز کە پێشتر زیانی بەرکەوتبوو، لە 2 کۆمەڵە تونێلی زۆر قووڵی ژێرزەمینی پێکهاتووە و لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزەوە چەندین جار هەڕەشەی لێکراوە؛ هاوکات بەهۆی قووڵییەکەیەوە ئاستەنگێکی گەورەی سەربازی بۆ هێزەکانی ئەمریکا دروست کردووە و پێدەچێت تەنانەت بۆمبی کونکەری قەڵغانەکان لە جۆری “GBU-57″ـیش نەتوانێت ئەو قووڵاییە ببڕێت.

































































