زاری كرمانجی :
دەستەی دەستپاكی عێراق ڕایگەیاندووە كە دادگای كەرخ، بەهۆی تاوانی هەڵكشانی نایاساییی سەروەت و سامان، تەلال زەوبەعی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراقی، بە ٧ ساڵ زیندان سزا داوە.
بەپێی بەیاننامەی فەرمیی دەستەكە، لێكۆڵینەوەكانی بەشی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی دارایی، بوونی كەسبی ناڕەوا و زیادبوونی گوماناوی لە سەروەت و سامانی زەوبەعی بە بڕی ٣٥ ملیار دینار ئاشكرا كردووە.
بڕیارەكە تەنها بە زیندانیكردن كۆتایی نەهاتووە؛ دادگا هەروەها فەرمانی گەڕاندنەوەی ٧٠ ملیار دیناری بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەركردووە. ئەم بڕە بریتییە لە بڕی سەروەتە دەستبەسەرداگیراوەكە، لەگەڵ غەرامەیەكی دارایی بە هەمان بڕ.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی دەستەی دەستپاكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدواداچوون لە سەروەت و سامانی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی پێشووی و ئێستای عێراقدا دێت.

































































