ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن (CNN) بڵاوی کردووەتەوە کە بە گوێرەی نوێترین داتا، لانی کەم 2 هەزار کەس لە کۆنگۆ بەهۆی پەتای ئیبۆلاوە گیانیان لەدەست داوە؛ ئەمەش بە خێراترین بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا لە مێژوودا هەژمار دەکرێت.
بەپێی داتاکانی حکومەت کە دووشەممە شەو بڵاوکرانەوە، لەم پەتایەدا 4 هەزار و 381 حاڵەتی پشتڕاستکراوە تۆمار کراوە، لەوانە 2 هەزار و 11 کەس مردوون. لە بەراوردێکدا، لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەم حاڵەتی پشتڕاستکراوە، گەیشتن بە ژمارەی دوو هەزار مردوو لەم پەتایەدا نزیکەی سێ جار خێراتر بووە لە پەتای ئیبۆلای ساڵانی 2014 تا 2016 لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، کە بە خراپترین پەتای ئیبۆلا لە مێژوودا دادەنرێت.
پەتاکە بە فەرمی لە 15ـی مانگی ئایار ڕاگەیەنرا، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی ئێستا دەڵێن، لێکۆڵینەوە جینۆمییەکان نیشانیان داوە کە پەتاکە چەند مانگ پێشتر، واتە لە مانگی شوبات دەستی پێکردووە.
نزیکەی 9 هەفتەی خایاند تا ژمارەی مردووان لە پەتاکەدا بگاتە 1 هەزار کەس، بەڵام تەنها لە ماوەی نزیکەی سێ هەفتەدا ئەو ژمارەیە دوو هێندە بووە. شارەزایان دەڵێن: قەیرانەکە بە خێرایییەک پەرە دەسێنێت کە هەنگاوەکانی چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی پەتاکە لاوازن.































































