مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی CNN ی ئەمەریكیی لە زاری چەند سەرچاوەیەكی سەربازی وڵاتەكەی بڵاویكردەوە كە ژەنەراڵ دان كێین، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكا، لە كۆبوونەوەكانی ئەم دوایەیدا لەگەڵ گەورە ڕاوێژكارانی دۆناڵد ترەمپ هۆشداری داوە كە ناكرێت بژاردە سەربازییەكان دژی ئێران تەنیا پشت بە هێرشی ئاسمانی ببەستێت و ڕایگەیاندووە “هێزی ئاسمانی سنووردارە و ڕەنگە نەتوانێت هەموو ئامانجە ستراتیژییەكانی واشنتن بپێكێت.”
بە گوێڕەی ڕاپۆرتەكەی CNN ، ژەنەراڵ دان كێین لەگەڵ جۆن ڕاتكلیف بەڕێوەبەری CIA و ماركۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە و جەی دی فانس جێگری سەرۆك، تاوتوێ ئەو پرسەیان كردووە و پێ ڕاگەیاندوون كە تێڕوانینی فەرماندە سەربازییەكان ئەوەیە “هەرچەندە هێزی ئاسمانی ئەمریكا دەتوانێت زیانی گەورە بە ژێرخانی سەربازی ئێران بگەیەنێت، بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەكان، ڕەنگە پێویست بە ئۆپەراسیۆنی فراوانتر بكات كە بژاردەی وشكانیش لە چوارچێوەی پلانداناندا بن.”
ژەنەراڵ كێین لە دواین كۆبوونەوەی خۆیدا لەگەڵ ترەمپ، ئاماژەی بە خاڵێكی هەستیار كردووە كە ئەویش كەمبوونەوەی كۆگاكانی هەندێك جۆری چەك و مووشەكی گرنگی ئەمریكایە. بۆیە لە ئێستادا ئیدارەی ترەمپ گفتوگۆ لەسەر چەند بژاردەیەكدا دەكات و یەكێك لە بژاردەكان هەر وەكوو چاودێرانی سیاسیی باسی لێوە دەكەن هێرشی وشكانی یە .
































































