لە سنووری قەزای مێرگەسۆر پڕۆژەیەكی گرنگ جێبەجێ دەكرێت، ئەویش سەرلەنوێ قیڕتاوكردنەوەی ڕێگەی مێرگەسۆر- گۆڕەتوو- ئەشكفتەیە، ئەوەش بۆتە جێگەی خۆشحاڵی هاووڵاتییان و شۆفێرانی ناوچەكە.
ئەندازیار ڕزگار دۆڵەمەری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: سەرەڕای هەبوونی قەیرانی دارایی، بەڵام هێشتا كابینەی نۆیەم بەردەوامە لە جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان ئەو پڕۆژەیەش یەكێكە لەو پڕۆژانە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، گوتیشی: وەكو بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر هەستاین بە هەڵگرتنەوە و چاككردنەوەی ڕێگەی مێرگەسۆر – گۆڕەتوو- گەلی ئەشكەفتە، ئەو شوێنانەی كە تێكچوونە بە چاككردنەوە و هەڵگرتن و دووبارە قیڕتاوكردنەوە لە هەمان كاتدا كاری ڕنینیش بۆ ڕێگەكە دەكرێت، پاشان بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر و شارەوانی گۆڕەتوو چینێكی بایندەر بەدرێژایی 4.2 كیلۆمەتر بۆ ڕێگەكە دەكرێت و قیڕتاو دەكرێت، ئەوەش كار ئاسانییەكی باش بۆ هاووڵاتییان دەكات.
ئەندازیار ڕزگار دۆڵەمەری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی مێرگەسۆر، دەشڵێ: پێشتر ڕەزامەندی هەبوو كە ڕێگەكە بكرێتە دوو ساید، دەستیش بە كارەكان كرا ، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی پڕۆژەكە ڕاگیرا، سوپاسی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی دەكەین كە وەكو هەر جار بە دڵسۆزی و خەمخۆری بەردەوام بووە لە پشتگیری كردنی ئێمە بۆ جێبەجێ كردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانە.
































































