زاری كرمانجی
بەرێوبەری گشتی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەردەوامی دەبێت و پرۆسەكە لە شارەوانییەكان خێراتر دەكرێت، هەموو هەوڵێكیش دەدەین ئەو فەرمانبەرانەی لە هەشت ساڵ بەسەرەوە خزمەتیان هەبێت زەویان پێبدرێت .
سەربەست مەولود بەرێوبەری گشتی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی لەوەكردەوە، بەبڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر مووچەخۆرێک مەرجەكان بیگرێتەوە زەوی پێدەدرێت و ئێستا پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان خێراكراوە و بەردەوام لە هەموو شارەكان لە دهۆك وهەولێر و سلێمانی وزاخۆ و سۆران و شارەكانی دیكە زەوی دابەش دەكرێت و هەفتەی داهاتوو لە هەولێر وەجبەی هەشتەمی زەوی دابەش دەكرێت، بۆیە ئێستا زیاتر لە100هەزار كەس زەوی وەرگرتووە و بەردەوامیش دەبیت و ئەمساڵ بڕیارە زۆرترین زەوی بەسەر ئەو كەسانە دابەش بكرێت رەزامەندی وەرگرتنی زەویان هەیە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی، گووتیشی:” پرۆسەی وردبینی كردن لای ئێمە لەكۆتاییدایە و تەنیا وەزارەتی پێشمەرگە مابوو ئەوانیش 2هەزار ناوی تازەیان بۆ ئێمە رەوانەكردووە كە ئەوانیش مەرجەكان دەیانگرێتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی كە گرنگترینیان هەشت ساڵ خزمەتی هەبێت و سودمەند نەبوبێت لەوەرگرتنی زەوی، بۆیە ئێستا خەریكی وردبینیكردنین لەناوەكان تەواوبیت بۆ ئەنجومەنی وەزیران رەوانە دەكرێت بۆ رەزامەندی و دواتر دەدرێتە شارەوانییەكان بۆ ئەوەی زەویان بۆ تەرخان بكرێت و بەسەریان دابەش بكرێت، هەروەها بۆ گرێبەستەكانیش چاوەرێی گەیشتنی رێنمایەكانین لەئەنجومەنی وەزیران و بڕیارە بەم نزیكانە بگاتە دەستمان و ئێمە فۆرممان بۆیان ئامادەكردووە و بڕیارە لەبارەی پڕكردنەوەی فۆرمەكەش لەگەڵ وەزارەتەكان قسە بكەین و دەست بە رێكارەكان بكەین بۆ ئەوەی گرێبەستەكانیش وەكو هەمیشەیەكان ئەوانەی مەرجەكان دەیانگرێتەوە زەوی وەربگرن.
































































