ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاشکرای کردووە کە تای خوێنبەربوون ئێستا بووەتە نەخۆشییەکی جێگیر لە وڵاتدا و هۆشداری دەدات کە چالاکیی نەخۆشییەکە لە ماوەی نێوان مانگی نیسان تا ئەیلوولدا دەگاتە بەرزترین ئاست.
محەممەد عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕۆژی یەکشەممە (٢ی ئاب) ڕایگەیاند، “وەزارەتەکە بە سێ ڕێگا کار بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دەکات، کە گرنگترینیان دەرمانڕشتنی ئاژەڵان و هۆشیارکردنەوەی خاوەن مێرگە و هاووڵاتییانە.”
بە وتەی ئەو، وەزارەتی کشتوکاڵ هەموو ساڵێک دوو هەڵمەتی گەورەی خۆڕایی بۆ لەناوبردنی گەنە، کە گوێزەرەوەی سەرەکیی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە، ئەنجام دەدات. هەڵمەتی یەکەم لە یەکی نیسان دەست پێدەکات و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت، هەڵمەتی دووەمیش لە یەکی ئەیلوول دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەرەکە ئاماژەی کرد ئەم هەڵمەتانە هەموو پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی عێراق دەگرنەوە، بە تایبەتی ناوچەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە تا ئێستا ١٤٥ کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و ٩ کەسیش بەهۆی ئەم نەخۆشییە گیانیان لەدەستداوە.

































































