ئادار عەبدوڵڵا _ زاری کرمانجی
قەڵەوی منداڵان کاتێک ڕوودەدات کە جەستەی منداڵ چەوری زیادە هەڵبگرێت بەهۆی زۆر خواردنی کالۆری زیاد لەوەی کە جەستە پێویستی پێیەتی بۆ گەشەکردن و تەندروستی. ئەم وزە زیادەیە لە شانە چەوریەکاندا بەدیار دەکەون و دەبێتە هۆی قەڵەوی.
بەپێی ماڵپەڕی جیهانی : medparkhospital هەندێک لەو هۆکارە سەرەکیانەی دەرخستووە کە منداڵان ڕووبەڕوی قەڵەوی دەکەن وەک ؛
خووی ناتەندروست لە خواردن
خواردنی بەردەوامی خۆراکی کالۆری زۆر وەک خواردنی خێرا و خواردنی شیرینی و خواردنەوە گازیەکان هۆکارێکی سەرەکین بۆ زیادبوونی کێشی منداڵان. ئەم خۆراکانە زۆرجار دەوڵەمەندن بە چەوری و شەکر و کالۆری بەڵام ماددە خۆراکییە پێویستەکانیان کەمن.
کەمی چالاکیی جەستەیی
ئەو منداڵانەی کەمترین چالاکیی جەستەیی و وەرزشکردنیان هەیە، خەرجی وزەیان کەم دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش. زۆر سەیرکردنی تەلەفزیۆن یان یاری ڤیدیۆیی هەروەها بەرکەوتن بە ڕیکلامی خۆراکی ناتەندروست دەتوانێت کاریگەری لەسەر خووی خراپی خۆراک هەبێت.
هۆکارە جینییەکان و ژینگەییەکان
منداڵانی ئەو خێزانانەی کە پێشینەی قەڵەوییان هەبووە، مەترسی زیاتریان لەسەرە. لەو ماڵانەی کە خۆراکی کالۆری زۆر باون و چالاکیی جەستەییان نییە ، ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی منداڵان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان
ئەو خێزانانەی کە سەرچاوەی داراییان سنووردارە زۆرجار پشت بە خۆراکە زۆر پرۆسێس کراوەکان دەبەستن وەک ژەمە بەستووەکان و کولێرە کە ڕێژەیەکی زۆر شەکر و سۆدیۆم و کالۆرییان تێدایە.
دەرمانەکان
هەندێک دەرمان لەوانە پرێدنیزۆلۆن، لیتیۆم، ئەمیتریپتایلین و پرۆپرانۆلۆڵ، دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش و مەترسی قەڵەوی منداڵان زیاد دەکات.


































































