ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان نیشان دەدەن کە پڕۆژە گەشتیارییەکان تا ئێستا هەلی کاریان بۆ زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس دابین کردووە و ٨٠٪ـی ئەوانەش هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانن. بەپێی زانیارییەکانی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣ هەزار پڕۆژەی گەشتیاری تۆمار کراون و تەنها لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا ١٠٥ پڕۆژەی نوێ جێبەجێ کراون.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی تەمموزی ٢٠٢٦، ڕایگەیاند، “کۆی زیاتر لە ٢٢ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی جێبەجێکراو لە حەوت ساڵی ڕابردوودا، ٧.٦ ملیار دۆلار بۆ کەرتی گەشتوگوزار تەرخان کراوە. ئەو هاوکاتی هاوینی هەرێمی کوردستان بە “وەرزی زێڕینی گەشتوگوزار” ناو برد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کەرتە لە چەند ساڵی دوایی بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە. بە وتەی ئەو، جاران زۆرینەی گەشتیاران تەنها لە جەژنەکاندا سەردانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام ئێستا بەردەوام و بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا سەدان هەزار گەشتیار ڕوو لە ناوچە و پڕۆژە گەشتیارییەکان دەکەن.
بەپێی ئامارەکان، ٨٠٪ـی گەشتیارانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییانی وڵاتە عەرەبییەکانن و نزیکەی ٢٠٪ـی دیکەیان گەشتیاری نێودەوڵەتیین. هەروەها ڕێژەی گەشتیارانی بیانی بە بەراورد بە سێ ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٥٪ بەرزبووەتەوە.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاشکراشی کرد کە پلان و پڕۆژەی نوێ بۆ گەشەپێدانی گەشتیاری زستانە لە ناوچە شاخاوییەکان ئامادە کراون، بۆ ئەوەی جووڵەی گەشتیاری لە وەرزی زستانیش بەردەوام بێت و لە توانای سروشتی هەرێمی کوردستان زیاتر سوود وەربگیرێت.”

































































