ڕوانگەی “ئیکۆ عێراق” ڕایگەیاند کە داهاتە نانەوتییەکانی عێراق لە ماوەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی ڕابردوودا گەیشتوونەتە 16%ـی کۆی گشتی داهاتی دارایی دەوڵەت، کە ئەمە بەرزترین ڕێژەیە لە مێژووی عێراقدا تۆمار کرابێت، لە کاتێکدا بۆ چەندین ساڵ ڕێژەکە لە 5% تێنەدەپەڕی.
بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەکە، داهاتە نانەوتییەکان لە سەردەمی حکومەتەکەی مستەفا کازمیدا گەیشتە نزیکەی 10% و لە سەردەمی محەمەد شیاع سوودانیشدا لەو ئاستەدا جێگیر بوو، بەڵام لە ئێستادا گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. هاوکات جەخت کراوەتەوە کە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان کە دەنێردرێن بۆ بەغدا، نزیکەی 5.5%ـی کۆی ئەم داهاتە نانەوتییە گشتییانە پێکدەهێنن.
سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی نانەوتی لە عێراقدا چەندین بواری جۆراوجۆر دەگرنەوە؛ لەوانەش: جۆرەکانی باجی ڕاستەوخۆ، داهاتی دەروازە گومرگییەکان، ڕسووماتی مامەڵە حکومییەکان، کرێی دابینکردنی کارەبا و ئاو، سزاکانی هاتووچۆ، لەگەڵ قازانجی بەدەستهاتووی بانک و کۆمپانیا حکومییەکان.

































































