مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزیری نەوتی عێراق، لە هەڤپەیڤینێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاشكرای كرد كە لەمیانی سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریكا، 7 ڕێككەوتنی گرنگیان بە بەهای نزیكەی 200 ملیار دۆلار واژۆ كردووە.
باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـى تەممووزی 2026، ڕایگەیاند “ئەم ڕێككەوتنانە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكا بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان و هەروەها ڕێككەوتنێك لەگەڵ سووریا بۆ هێڵی گواستنەوەی نەوت لە خۆ دەگرن.”
خزەیری ئاشكرای دەكات كە لە ئێستادا 22 كۆمپانیای جیهانی لە كێڵگە جیاوازەكانی عێراقدا كار دەكەن و توانای گشتیی بەرهەمهێنانی نەوتیش گەیشتووەتە زیاتر لە 4.8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكان لەنێوان ئەمەریكا و عێراق، عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، بە سەردانێكی فەرمی لەگەڵ شاندێكی باڵا گەیشتنە واشنتن .

































































