زاری كرمانجی
حكوومەتی عێراق بە لێبڕینی 120 ملیار دینار مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ڕەوانەكرد و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا مووچە دابەشكرا، بەڵام بەهۆی ئەو لێبڕینە مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست ئەوانەی لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچە وەردەگرن دواكەوتووە .
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” دوو مانگە بەهۆی كەمبوونەوەی داهات و لێبڕینی ئەو پارەی لە بەغداوە دێت مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێك لە فەرمانبەران دواكەوتووە، هەموو هەوڵێكدراوە بۆ ئەوەی داهات كۆ بكرێتەوە و لەم هەفتەیەدا مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بكەن.
ئەو سەرچاوەیە، ئەوەشی خستەڕوو، نزیكەی 40 هەزار مامۆستای گرێبەستی وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان مووچە وەردەگرن و مانگانە پێویستیان بە نزیكەی 25 ملیار دینار هەیە، هاوكات، سەرجەم ئەو فەرمانبەرە گرێبەست و هەمیشەییانەش مووچە وەردەگرن كە دوای یەكی تەممووزی 2024 دامەزراون.
































































