حكوومەتی هەرێم بەبێ جیاوازی خزمەتگوزارییەكانی گەیاندووەتە سەرجەم ناوچەكان
ڕائیب زراری -سۆران:
ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم تێپەڕ دەبێت، سەرەڕای قەیرانەكان و فشارەكانی بەغدا و هەندێك لایەنی ناوخۆی كوردستان، سەرۆكی حكوومەت، توانیویەتی بە كردەیی چاكسازی لە كابینەكەیدا بكات و بە سەدان بڕیاری گرنگ دەر بكات و بە هەزاران پڕۆژەی ستراتیژی لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.
لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا سەرەڕای ئاستەنگە سیاسییەكان، تەندروستی و ئابوورییەكان، توانیویەتی یاسای چاكسازی بباتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، كە بەرهەمی ئەم یاسایە بۆتە هۆی بەدیهێنانی دادپەروی بۆ مووچەخۆران، فەرمانبەران و خانەنشینان، جگە لەوەی بە هەزاران پرۆژەی ستراتیژی بخاتە واری جێبەجێ كردنەوە، جگە لەوەی بە جددی ڕووبەڕووی گەندەڵی بۆتەوە.
مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەست بەكاربوونی، هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەكەی ڕاگەیاند و جەختی لەسەر كۆتایی هێنان بە گەندەڵی، ئەنجامدانی چاكسازی، سەروەری یاسا، نەهێشتنی نادادی كۆمەڵایەتی كردەوە.
سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، بەڵام كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رژدبوو لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەكەی و لە هەموو كەرت و بوارەكان چاكسازی ئەنجامداوە و هەنگاوی گەورەی ناوە، لەگەڵ ئەوەشدا دابینكردنی مووچە و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان لە پێشینیەی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە و لە ئاست بەڵێن و متمانەی خەڵكی كوردستاندابووە.
هەر بڕیارێك لە ئەنجوومەنی وەزیران بدرێت، بە كۆ دەنگی هەموو فراكسیۆنە بەشدارەكانی ناو حكوومەت دەدرێت، بە گوتەی بەرپرسانی لایەنە سیاسییەكان و ئەندامانی كابینەكە، كابینەی نۆیەم زۆر بەژیرانە توانیویەتی بەسەر كێشەكاندا سەر بكەوێت و پرۆژەی چاكسازی بكاتە یاسا و بخاتە واری جێبەجێ كردنەوە بۆ ئەو قۆناغەش زۆر گرنگ بوو، بە هەزاران قوتابخانە دروستكراون و نۆژەن كراونەتەوە، كابینەی نۆیەم بەسەر كۆرۆنادا سەركەوت و ئەوەی پێویست بوو بۆ لەناو بردنی ئەو ڤایرۆسە نەگریسەی كرد، لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا هەموولا هاوڕا بوون لە زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات، لەو چوارچێوەیەدا یەكێك لە سێكتەرەكان بڕیاردان بوو لەسەر كەرتی گەشتوگوزار و كردنی بە سەرچاوەی سەرەكیی داهات، ئەمەش جۆرێك بەرپرسیاریەتی خستە سەر كۆی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت بۆ ئەم بابەتە، هەروەها لە بواری رێگەوبان بە سەدان پرۆژەی ستراتژی كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و دەیان رێگەوبان كراون بە دوو ساید، لەگەڵ نۆژەنكردەوەی زۆربەی رێگەوبانەكان، كاركردنیش لە چەندین پرۆژەی ستراتیژی بەردەوامە، جگە لەوەی لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا سۆران و زاخۆ، بوونە ئیدارەی سەربەخۆ، چەندین ناحیە بوونە قەزا، ئەوەش بووە جێگەی خۆشحاڵی هاووڵاتییانی ناوچەكە، چونكە پڕۆژەی زیاتر پێشكەش بەو ناوچانە كراوە.
كابینەی نۆیەم، پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانی بردە نێو ناوەندی بڕیار و پرۆسەی حوكمڕانییەوە، شارەزایانی بواری ئابووری دەڵێن، مەسرور بارزانی، هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی حكوومەت بەڵێنی دا كابینەی نۆیەم كابینەی چاكسازی بێت، بەورە و ئیرادەیەكی پۆڵاینەوە رووبەڕووی هەموو ئەو كێشانە ببێتەوە كە لەبەردەمیدا هەن، لەگەڵ ئەوەی بەرنامەی كابینەی نۆیەم لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی هاووڵاتییاندا بوو، وەكو ئێستا دەبینین بەرهەمی كابینەكەی دیارە، ئەوەی لە توانایدا بووە كردووە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی توانیویەتی لە ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی هەرێم بەرز بكاتەوە، ئێستا زۆربەی وڵاتان ئارەزووی ئەوە دەكەن پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، لە كابینەی نۆیەم چاكسازی وەك پرسێكی سەرەكی كاری لەسەر كراوە، لە حەوت ساڵی ڕابردوودا بە جددی كار لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كراوە، كەمكردنەوەی ڕۆتین و لابردنی مووچەی نایاسایی و بەدیهێنانی یەكسانی لە مووچە و ئیمتیازەكان كەمكرنەوەی ڕۆتین و چاكسازی لە خاڵە سنووریەكان، برەودان بە ژێرخانی وەبەرهێنان، كشتوكاڵ، پیشەسازی، كۆی سێكتەرەكان و بە ئەلیكترۆنی كردنی كاروبارەكان و دابەزاندنی دەستەڵاتەكان، بۆیە ئەوەی كابینەی نۆیەم لەو حەوت ساڵەدا كردوویەتی، زۆر بە ئەرێنی لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە لێك دەدرێتەوە پێشوازی لە بریارەكانی سەرۆكی حكوومەت دەكەن بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و چاكسازی كردن لە دامەزراوەكانی حكوومەت.

































































