ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
هەر لە نیوەی ئەم مانگەوە، هەزاران زیارەتکاری شیعە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، لە ڕێگای دەروازەکانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕن بۆ گەیشتن بە مەزارەکانی نەجەف و کەربەلا و شوێنە پیرۆزەکانی شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعە. بۆ ئەم مەبەستە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی و چەند لایەنێکی پەیوەندیدار، ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران دەکەن.
ئیسماعیل عبدالعەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی و ئەندامی لیژنەی باڵای پێشوازی لە زیارەتکاران، بە زاری کرمانجی ڕایگەیاند “کە لە چوار وێستگەی حاجی ئۆمەران، کانی ماران، پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر و بازگەی شێراوە، شوێنی پشوو و حەوانەوە، ئاو و خواردن، پاکێجی میوە، کێک، شەربەت، بەتانی و پێداویستییەکانی مانەوە بۆ زیارەتکاران دابین کراون.”
بەپێی وتەی ناوبراو، “ئامادەکارییەکان تا ١٤ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن و هاتنی زیارەتکاران لەو ڕۆژەوە دەست پێ دەکات، هەروەها تەنها لە وێستگەی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، زیارەتکاران شەو دەمێننەوە، بەڵام لە وێستگەکانی تر تەنها پشوو وەردەگرن و گەشتەکەیان بەردەوام دەبێت.”
لە لایەکی ترەوە، هەژار حەکیم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سۆران، ڕایگەیاند، “بنکەی سەرەکی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران ئاماددە کراوە و تا ڕۆژی پێنجشەممەش بنکە لاوەکییەکان لە گەلی عەلی بەگ (کانی ماران) تەواو دەبن. هەروەها لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بنکەی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێریش ئامادە دەکرێت.”
بەپێی پلانە دانراوەکان، هاتنی زیارەتکاران لە ١٥ی ئەم مانگە دەست پێ دەکات و پرۆسەی تێپەڕبوونیان تا ٥ی ٨ی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت. هەروەها بڕیارە پارێزگاری ورمێش هەفتەی داهاتوو بەژداری لە مەراسیمی بەڕێکردنی زیارەتکاران لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بکات.

































































