سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەنگاوێکی گرنگە بۆ گێڕانەوەی سامانی گشتی، بەڵام سەرکەوتنی پڕۆسەکە بەستراوەتەوە بە هاوکاریی هاووڵاتیانەوە؛ چونکە 43%ی کەیسەکانی گەندەڵی لە ڕێگەی هاووڵاتیانەوە ئاشکرا کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی تەمووزی 2026، سەنتەرەکە داوای کرد کە حکومەت بە فەرمی پارێزگاری لەو هاووڵاتییانە بکات کە بەڵگە و زانیاری لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی دەدەنە دەوڵەت. پاراستنی ژیانی ئەوان، دڵنیایی بە خەڵک دەبەخشێت و هاندەرێکی گەورە دەبێت تاوەکو لە داهاتووشدا گەندەڵکارانی دیکە بە ئاسانی ئاشکرا بکرێن.
ئەم پێشنیارە لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی دەستی بە هەڵمەتێکی توند دژ بە گەندەڵکاران کردووە و ڕایگەیاندووە کە پاداشتی تایبەتی ئەو هاووڵاتییانە دەکەن کە زانیاری ورد لەسەر مەلەفەکانی گەندەڵی بە لایەنە ئەمنییەکان دەدەن.

































































