زاری کرمانجی
حسیبە سعید گەردی ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ڕيککەوتنی نێوان نەوەی نوێ و یەکێتی دەڵێت:” ئەوەی لە ئێستادا لە نێوان یەکێتی و نەوەی نوێدا ڕوودەدات، تەنها پاشگەزبوونەوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو نمایشێکی ئابڕووبەرانەی بازرگانییە بە چارەنووسی دەنگدەران و ئیرادەی گەلەوە. ئەو پڕۆژەیەی بە ناوی “ڕێککەوتنی سیاسی” پێشکەش دەکرێت، لە ڕاستیدا جگە لە “زەواجی میسیاری سیاسی” شتێکی تر نییە؛ هاوپەیمانییەکی سوودپەرستانە کە نە لەسەر بنەمای بەرنامەی نیشتمانی دامەزراوە و نە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان، بەڵکو تەنها بۆ پاراستنی دەسەڵاتی گەوجەکان و دابەشکردنی پۆست و دابینکردنی بەرژەوەندیی تایبەتە.
حسیبە سعید گەردی ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، نەوەی نوێ، کە ساڵانێک خۆی وەک دەنگی گۆڕانکاری و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە ناساند، ئەمڕۆ بە فرۆشتنی دەنگی دەنگدەران، وەرگرتنی پۆستی وەزاری بۆ خوشکی بازرگانە هەڵپەرستەکە و سەپاندنی گرێبەستی دارایی خەیاڵی و مەرج و سزای توند بەسەر پەرلەمانتارەکانیدا، ڕووی ڕاستەقینەی پرۆژەکەی ئاشکرا کرد. ئەو دەنگانەی کە بە ناوی گۆڕانکاری وەرگیران، ئێستا لە بازاڕی دەسەڵاتدا بوونەتە کاڵای کڕین و فرۆشتن.
ئەو ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، دووپاتی لەوەکردەوە، ئەوەی لە میدیاکاندا وەک واژۆکردنی هاوپەیمانی بینیمان، تەنها شانۆگەرییەکی ڕاگەیاندن بوو بۆ چەواشەکردنی خەڵک؛ چونکە ڕێککەوتنی ڕاستەقینە هەر زوو لە ژوورە تاریکەکاندا و بە “تۆماری ئابڕووبەرانە” واژۆ کراوە. ئەوان سەرۆکی چاڤیلاندیان ناچار کردووە لەسەر وەرەقەی سپی واژۆ بکات و ببێتە کۆیلەی دەستیان، بۆیە ئەوەی وەک “هاوپەیمانی” دەیبینین، تەنها جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەیە کە لەو ژوورە تاریکانەدا بە زۆر بەسەریدا سەپێنراوە، بۆیە لە کاتی واژۆکردنی شانۆگەرییەکەدا شڵەژان و ڕاڕایی لە ڕووخساری هەردووکیاندا بە ئاشکرایی دیار بوو، چونکە هەردوولا و خەلکی کوردستانیش باش دەزانن ئەم هاوپەیمانییە لەسەر بنەمای متمانە نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی کاتی دامەزراوە؛ بەرژەوەندییەک کە تەنانەت بەشێکی بەرچاوی سەرکردایەتیی هەردوولا نیگەران و ناڕازیین لێی. خراپی دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەی “شامسار” ببێتە وتەبێژێکی بێ ئیرادە و ئەوەی “باتڵ”ی یەکێتی پێی دەسپێرێت، وەک بەردەستێکی گوێ ڕاکێشراو بێ “لام و جیم” بیخوێنێتەوە. ئەمەش بەڵگە و سەلمێنەری ئەوەیە کە نەوەی نوێ چیتر ئۆپۆزسیۆن نییە، بەڵکو بووەتە سێبەر و پاشکۆی سیاسیی ئەوانەی ڕۆژێک بانگەشەی دژایەتییان دەکرد.
حەسیبە گەردی، گووتیشی:” پیاوە بچووکەکەی نەوەی نوێ ساڵانێک بە دەنگی بەرز بانگەشەی دژایەتیکردنی «دەسەڵاتی بنەماڵەیی» دەکرد و گەیشتە ئاستی داواکردنی سزای هەڵواسین بۆ کوڕانی تاڵەبانی لە سلێمانی. کەچی ئەمڕۆ، لەسەر هەمان مێزی دانوستاندنی پۆست و کورسی، لەگەڵ هەمان ئەو لایەنە دادەنیشێت کە ڕۆژێک بە «دەسەڵاتی گەندەڵ» ناوی دەبرد. ئەمەش پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە ڕوو: ئایا نەوەی نوێ هەرگیز بەرژەوەندیی جەماوەری و نیشتمانی مەبەستی بووە، یان تەنها ئامرازێک بووە بۆ گەیشتن بە کورسی و مێزی دەسەڵاتی ئەوانەی بانگەشەی دژایەتییانی دەکرد؟
ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی دوای تاڵەبانیش بەئاشکرایی بۆ مانەوە لە دەسەڵات، ئامادەیە هەموو دەستێک ماچ بکات و هەر باجێکیش بدات، تەنانەت ئەگەر نرخەکەی فرۆشتنی خاکی نیشتمان و بە تاڵانبردنی سامانی گشتی و ڕەشبگیری ڕفاندن و تیرۆرکردنیش بێت. ئەم هاوپەیمانییە دیموکراسی نییە؛ بەڵکوو ئەمەیان بە”بازاڕ کردنی سیستەمی دیموکراسی”یە و هاوپەیمانییەکی نیشتمانسووتێنە کە تێیدا ئایندەی کوردستان، متمانەی گەل و ئیرادەی دەنگدەران دەکرێنە قوربانیی حەزی پارە و دەسەڵات.
































































