ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (World Health Organization) لە ڕاپۆرتێکدا، ئاشکرای دەکات ڕێژەی ئەو کەسانەی لە سەرانسەری دونیا تا ئێستا بێ بەشن لە خزمەتگوزاری کارەبا، ٦٥٥ ملیۆن کەسە. لە کاتێکدا پاراستنی ئاسایشی وزە و دابینکردنی کارەبا بووەتە یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانی وەبەرهێنانی حکومەتەکان لە دونیا. هاوکات، نزیکەی ٢ ملیار کەس لە دونیا بۆ دروستکردنی خواردن سوود لە کەرەستەی سووتەمەنی وەردەگرن. ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ تەندروستی و ژیانیان دروست دەکات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا بە شێوەیەکی زۆر زیاتر لە ناوچەکانی دیکە ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە بووەتەوە. بەجۆرێک زیاتر لە ٥٦٠ ملیۆن کەس دەکەونە ئەم ناوچەیە کە بەبێ کارەبان و نزیکەی ٩٧٠ ملیۆن کەسیش دەستیان بە شێوازی پاک و تەندروستی لێنانی خواردن ناگات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە دەکات کە زۆربەی ناوچەکانی جیهان دەستیان بە خزمەتگوزاری کارەبا دەگات، بەڵام لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا خێرایی دابینکردنی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.
لەگەڵ ئەم ئاستەنگانەشدا، ڕاپۆرتەکە باس لە هەندێک پێشکەوتنی هیوابەخش دەکات لە بواری وزەی بەردەوام. وزەی نوێبووەوە بەردەوام لە گەشەکردندا بووە و ئێستا زیاتر لە ٣٠٪ـی بەرهەمی کارەبای جیهان پێکدێنێت. هەروەها توانای بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە گەیشتووەتە تۆمارێکی نوێی جیهانی بە ٥٤٤ وات بۆ هەر کەسێک.
لە هەمان کاتدا، یارمەتیی دارایی گشتیی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیری لە وزەی پاک لە وڵاتانی گەشەسەندوو، کەمێک بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ٢٤.٦ ملیار دۆلاری ئەمریکی. هەروەها، کاریگەریی بەکارهێنانی وزە لە ئاستی جیهاندا باشتر بووە، بەڵام ئەو پێشکەوتنە هێشتا بە قەدەر ئەوە نییە کە ئامانجەکانی حەوتەمی گەشەپێدانی بەردەوام (SDG 7) دەیەوێت تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ بەدەست بێنێت.

































































