دوای دەستگیرکردنی هاوکارمان، ڕۆژنامەنووس (عەبدولڕەحمان خدر حەمەد) ــ کە پەیامنێری پێشوو و ئەندامی ئێستای دەزگاکەیە و دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنەیە ــ دەستبەجێ بەدواداچوونی چڕ و جدیمان بۆ زانینی چارەنووس و هۆکاری دەستگیرکردنی دەستیپێکرد.
دوای بەدواداچوونەکانمان، بۆ ڕای گشتی و سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی ڕادەگەیەنین کە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم هاوکارەمان پەیوەندی بە کەیسێکی کۆنەوە هەبووە لە شاری هەولێر.
هەرچەندە پێشتر ئەو کەیسە لەلایەن دادگاوە داخرابوو، بەڵام بەهۆی نەناردنی نووسراوی فەرمی لە دادگاوە بۆ بازگەکان و هێزە ئەمنییەکان، ناوبراو لە کاتی گەشتێکی ئاساییدا لە سنووری قەزای سۆران لەسەر هەمان نووسراوی پێشوو ڕاگیراوە.
لایەنە پەیوەندیدارەکان، نووسینگەکانی ئێمەیان دڵنیاکردووەتەوە کە سبەینێ هاوکارمان دەبرێتە بەردەم دادگا تاوەکو ڕێکارە یاسایی و شکلییەکان جێبەجێ بکرێن و بە تەواوی کەیسەکەی دابخرێ و ئازاد بکرێ.
لێرەوە، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هێزەکانی ئاسایشی ڕاپەڕین، ئاسایشی سۆران، و هەوڵ و کۆششی بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەکەین بۆ هاوکارییان.
هەروەها سوپاسی تایبەتمان بۆ بەڕێزان نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای سەندیکا کە لەسەر هێڵ بوون و بەوپەڕی خەمخۆرییەوە بەدواداچوونی جدییان بۆ ئەم بابەتە کرد.
ئێمە وەک نووسینگەکانی ڕاپەڕین و سۆران بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆسیەکە تا چرکەساتی ئازادکردنی هاوکارمان و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی پیشەیی و یاسایی.
نووسینگەکانی “ڕاپەڕین و سۆران”ـی
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
“٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦”

































































