مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سووریا (سانا) بڵاوی كردەوە، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە هێزەكانی ئیسرائیل كە لە بەرزایییەكانی ئەلجەزیرە جێگیر بوون لە ڕۆژئاوای گوندی مەعاریە لە لادێی دەرعا لە باشووری سووریا تەقەیان لە گەنجانی ماتۆڕسواری كرد كە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەكدا لە نزیك سەربازگەكان دژی بوونی ئیسرائیل لە ناوچەكەدا كردبوو .
سانا ئاماژەی بەوەش كردووە “هێزەكانی ئیسرائیل پێشڕەوییان كردووە بۆ ئەو شوێنەی كە گەنجەكان لێی وەستابوون، دوای كشانەوەی ئەو گەنجانە و تەقەیان بەرەو گەڕەكە نیشتەجێبوونەكانی گوندەكە كردووە لە نزیك بەرزایییەكانی ئەلجەزیرە.”
مووەفەق مەحموود، سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی عەبدین ڕایگەیاند “شارۆچكەكە شەوێكی پڕ لە ئاڵۆزی و ترسناكی بە خۆییەوە بینی، دوای هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیل كە گوندەكە و دەوروبەری لە لادێكانی ڕۆژئاوای دەرعای كردە ئامانج، بەو هۆیەوە نزیكەی دوو هەزار كەس بە شێوەیەكی كاتی بەرەو گوندەكانی دراوسێ هەڵهاتوون.”

































































