زاری كرمانجی
بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق كە واژۆی مەهدی سەهر جبووری، بریکاری وەزیری کشتوکاڵ، ئاڕاستەی دەستەی دەروازە سنووریەکانی عێراق کردووە کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی مادە کشتوکاڵییەکان و هاوردەکردنی و مامەڵەپێکردنی لە بازاڕەکانی ناوخۆی عێراق.
ئاماژە بەوەشکراوە، هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە تاوەکو ئەو کاتەی بەرهەمی ناوخۆیی کۆتایی دێت قەدەغە دەکرێت، کە مەبەست لێی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەیە لە هەرێمی کوردستان کە ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.
لە نوسراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ٤٥ مادەی خۆراکیی کشتوکاڵی و ئاژەڵی و شەتڵی ڕووەکی خراوەتە ڕوو، کە ٣٥ مادەیان بەتەواوی قەدەغەیە هاوردەی عێراق بکرێت، ١٠ مادەی دیکەشیان بەگوێرەی پێگەیشتنی بەرهەمەکان گۆڕانکاری بەسەر هاوردەکردنیاندا دێت.
لەو ٣٥ مادەیەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی پێکردووە، دووگی ئاژەڵ، گۆشت، قیمەی بەستوو، مانگاو مەڕ و گامێش بۆ بەخێوکردن، هێلکەی جوجک هەڵهێنان، هاوکات تەڕەپیاز و پیاز، گەڵامێو، هەنگوین و جۆرە جیاوازەکانی خورمای قەدەغە کردووە.
ڕزگار حەمەخدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان راگەیاند “وەک هەرێمی کوردستان پابەندین بە ڕۆژمێری کشتوکاڵی و ئەو نووسراوە نوێیەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەریکردووە، کە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەشێک لە مادەکان بەو هۆیەوەیە کە بەرهەمی خۆماڵیمان ڕەوانەی خواروو ناوەڕاستی عێراق دەکرێت”.
ئەوەشی ڕوونکردەوە، سەرجەم ئەو بەرهەمانەی بە بەردەوامیی قەدەغەکراون لە هەرێمی کوردستانیش پێوەی پابەند و ڕێگە بە هاوردەکردنیان نادرێت.
































































