دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ھەڕەشەیەکی توند ئاڕاستەی وڵاتانی جیھان و بەتایبەت یەکێتی ئەوروپا دەکات و ڕایدەگەیەنێت؛ ھەر وڵاتێک باجی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان بخاتە سەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان، ڕووبەڕووی سزای ئابووری قورس دەبێتەوە.
تڕەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا لە ئێستادا گفتوگۆ دەکەن یان نێزیکن لە جێبەجێکردنی سیستمێکی باج کە بە تایبەتی کۆمپانیا تەکنەلۆژی و دیجیتاڵییەکانی ئەمریکا دەکاتە ئامانج.
سەرۆکی ئەمریکا بە ڕوونی ڕایگەیاند:”تكایە ئەم لێدوانە بە پشتڕاستکردنەوە بزانن؛ ھەر وڵاتێک باجێکی لەو شێوەیە بسەپێنێت، دەستبەجێ ڕووبەڕووی باجی %100 دەبێتەوە لەسەر ھەموو ئەو کاڵایانەی کە ڕەوانەی ئەمریکای دەکات.”
تڕەمپ جەختیشی کردەوە کە ئەم بڕیارە نوێیە جێگەی ھەر ڕێککەوتنێکی بازرگانیی پێشوو یان ئێستا دەگرێتەوە کە لەگەڵ ئەمریکادا واژۆ کرابێت، بەبێ گوێدانە ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنانە.
ئەم ھەڕەشە توندەی تڕەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییە بازرگانییەکانی دەریای ئەتڵەسی (نێوان ئەمریکا و ئەوروپا) گەیشتوونەتە لووتکە. ئەمەش تەنیا ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پابەندبوونی خۆیان نیشان دا بەو مۆڵەتەی تڕەمپ بۆی دیاری کردبوون (تا 4ی تەممووزی ئەمساڵ) بۆ کەمکردنەوەی باج لەسەر کاڵا ئەمریکییەکان.
ئەم بڕیارە نوێیەی واشنتۆن، ئەو ڕێککەوتنە مێژووییە ھەڵدەوەشێنێتەوە کە ساڵی ڕابردوو لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپادا واژۆ کرا. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە: ئەمریکا باجەکانی سەر کاڵا ئەوروپییەکانی لە ئاستی %15دا جێگیر دەکرد.
لە بەرامبەردا یەکێتی ئەوروپا لە بەرامبەردا باجی سەر کاڵا پیشەسازییەکانی ئەمریکای بۆ ئاستی (سفر) کەم دەکردەوە.
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە ئەم ھەنگاوەی تڕەمپ دەبێتە ھۆی ھەڵگیرسانی جەنگێکی بازرگانی گەورە لە نێوان ھەردوو کیشوەرەکەدا، کە زیانی گەورە بە بازاڕە جیھانییەکان دەگەیەنێت.

































































