محەممەد مەحموود- سۆران:
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەوڵەمەندترین ناوچەی هەرێمی کوردستانە لە روو سەرچاوەی ئاو و سروشتی جوانی شاخاوی و دڵڕفێنی ناوچەکە ، ئامادەکاری دەکات بۆ وەرچەرخانێکی مێژوویی لە کەرتی گەشتوگوزار.
ئەم دەڤەرە کە بە تاڤگەکانی گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ، و هاوینەهەوارەکانی وەک سەکران و جوندیان و چەندین شوێنی تری گەشتیاریی بەناوبانگە، خاوەنی بەرزترین لووتکە چیاکانی وەک هەڵگورد و کۆڕەک و حەسەن بەگ و کارۆخە، ئەم تایبەتمەندییانە وایان کردووە سۆران لە زستاندا بۆ وەرزشی سەر بەفر و لە هاویندا بۆ فێنکییەکەی ببێتە ناوەندی سەرەکیی پشوودان.
یەکێک لەوشوێنە مێژوویانە ئەشکەوتی بێستوونە له چیای برادۆست بۆ ئەمەش پڕۆژەیەکی پێشنیارکراو خراوەتە روو بەناوی، پڕۆژەی ئەشکەوتی بێستوون گەشتوگوزاری مێژوویی و ئەنتۆلۆژی
ئەشکەوتی بێستوون لەسەر چیای برادۆست، یەکێکە لە ناوازەترین ئەشکەوتە مێژووییەکانی جیهان کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی نیاندەرتاڵ دەگەڕێتەوە. شوێنەکە خاوەنی ستوونی بەردینی سروشتی و رووناکییەکی دڵگیرە.
تایبەتمەندییەکان: بەهۆی نەبوونی پڕۆژە ئێستا، ئەم شوێنە دەبێتە یەکەمین ناوەندی گەشتیاریی مێژوویی و سەرکێشی لەو ناوچەیەدا. رێگای گەیشتنی قیرتاوە و ئینتەرنێتی لێیە.
رووبەری زەوی: 8 دۆنم (20,375 م2).
پێکهاتەی پێشنیازکراو: چێشتخانە و کافتریا، مۆزەخانەی مێژوویی، و ناوەندی گەشتیاریی ژینگەیی.
ئەشکەوتی بێستون لەسەر چیای برادۆست، دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای شاری سۆران لە پارێزگای هەولێر، ئەم ئەشکەوتە گەورەترین ئەشکەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەژمار دەکرێ درێژیەکەی زیاتر لە 100 مەتروو پانیەکەی 40 مەتر بەرزیەکەی 10 مەترە
لەم ئەشکەوتە سەدان بلوری کریستاڵی لە ناویدا شۆڕبونەتەوەو بەسەرکەوتوون،، کریستاڵەکان جۆراو جۆرن و دیمەنی سەرنجراکێشیان دروست کردوە.

































































