ئامادەکردنی: د. ئازا کامەران:
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی هەڵگۆرد شێخ نەجیب، بەرپرسانی حزبی و حکومی، بنکەی چالاکی و وەرزشی ئافرەتانی سۆران بە سپۆنسەری فەرمی کارگەی زۆم (ZOM)، ماراسۆنی ڕاکردنی خانمانی لەژێر دروشمی “تەندروستی، هێز و بەردەوامی” لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ساز کرد.
ماراسۆنەکە کاتژمێر ٩:٠٠ی سەرلەبەیانی لەسەر ڕێگای ٤٠ مەتریی سۆران دەستی پێکرد، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خانمان و کچانی وەرزشدۆستی دەڤەرەکە بەشدارییان تێدا کرد و کێبڕکێیەکی وەرزشییان لەسەر ماوەی ٤ کیلۆمەتر ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە وەرزشییە تایبەت بوو بە خانمانی ناوچەکە، کە ئامانج لێی هاندانی ئافرەتان بوو بۆ پەیڕەکردنی شێوازی ژیانی تەندروست و گرنگیدان بە وەرزشی ڕاکردن. لە کۆتایی ماراسۆنەکەشدا، خەڵات و سوپاس و پێزانین بەسەر سەرکەوتووان و بەشداربوواندا دابەشکرا.
جێگای ئاماژەیە لە ئیدارەی سۆران بەردەوام چالاکی وەرزشی لە ئاستی جیاواز و یاری جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، لاوانی ئەم دەڤەرە دڵخۆشن و هۆکارێکە بۆ پێشکەوتنی بواری وەرزشی بە شێوەیەکی گشتی.

































































