نوسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نوسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
١٧ ساڵ ئەزموونی پراکتیکی لەبواری چارەسەری بە کەڵەشاخ
بارودۆخی سروشتیی جەستە پێش ئەنجامدانی کەڵەشاخ، بۆ ئەوەی پرۆسەی کەڵەشاخ بە تەواوی سەلامەت بێت و زۆرترین سوودی لێ ببینرێت، پێویستە جەستەی مرۆڤ پێش دەستپێکردنی پرۆسەی ئەنجامدانی کەڵەشاخ لە دۆخێکی هاوسەنگ و جێگیردا بێت. گەشتکردن و ماندوێتی ڕێگا یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە بەبێ ئەوەی خۆمان هەستی پێ بکەین، سیستەمی ناوەوەی جەستە دەخاتە ژێر فشارەوە، هەر بۆیە (کاتێک مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ لە گەشتدا دەبێت بە تایبەت دانیشتن لەناو ئۆتۆمبێل یان فڕۆکەدا)، جەستە ڕووبەڕووی چەند گۆڕانکارییەکی زانستی دەبێتەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر سەرکەوتنی ئەنجامدانی کەڵەشاخ هەیە لەوانە:
١_ کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو لە جەستەدا (Dehydration)
لەکاتی گەشتدا، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، کارپێکردنی ساردکەرەوە یان گەرمکەرەوەکان، و کەمخواردنەوەی ئاو، جەستەی مرۆڤ بڕێکی زۆر شلەمەنی لەدەست دەدات. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی پلازمای خوێن و خەستبوونەوەی خوێن. ئەگەر لەم دۆخەدا کەڵەشاخ بکرێت، دەرچوونی خوێنەکە بەپێی پێویست نابێت و جەستە زیاتر وشک و بێهێز دەبێت.
٢_ کاتێک مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ بە ڕاوەستاوی یان بە دانیشتوویی دەمێنێتەوە، هێزی ڕاکێشانی زەوی فشار دەخاتە سەر شلەمەنییەکانی جەستە و خوێن بەرەو قاچەکان ڕادەکێشێت. لەبەر ئەوەی زمانە چکۆلەکانی ناو خوێنهێنەرەکان ناکەونە ژێر فشاری لێدانی ڕاستەوخۆی دڵ، خوێنەکە لە پەلەکانی خوارەوەدا قەتیس دەمێنێت کە پێی دەوترێت حەوزەکردنی خوێن (Venous Pooling)، واتا: کۆبوونەوە و تێپەڕ نەکردن و قەتیسمانی بڕێکی زۆر لە خوێن لە ناو بۆرییەکانی خوێندا (بە تایبەتی لە قاچ و پێیەکاندا).
٣_ تێکچوونی پەرچەکرداری دەماریی بۆ ڕێکخستنی پەستان (Orthostatic Reflex)، جەستەی مرۆڤ سیستەمێکی دەماریی هەیە کە لەگەڵ گۆڕینی دۆخی جەستەدا، خێرا پەستانی خوێن ڕێکدەخاتەوە. ماندوێتی گەشت و دانیشتنی زۆر ئەم سیستەمە دەمارەیییە کەمێک سست دەکات. ئەگەر ڕاستەوخۆ کوپەکانی کەڵەشاخ دابنرێن (کە ئەوانیش خوێن ڕادەکێشن بۆ سەر پێست)، دڵ ناتوانێت بە خێرایی خوێنی پێویست بنێرێت بۆ مێشک، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی لەناکاوی پەستانی خوێن و دروستبوونی سەرگێژخوردنی توند یان بوورانەوە (Vasovagal Syncope).
٤_ شڵەژانی سیستەمی هۆرمۆنی و سترێس، گەشتکردن، تەنانەت ئەگەر ئاسانیش بێت، جۆرێک لە سترێسی فیزیۆلۆژی لەسەر جەستە دروست دەکات، کە دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ و ئەدریناڵین. ئەم هۆرمۆنانە بۆرییەکانی خوێن گرژ دەکەن و لێدانی دڵ ناڕێک دەکەن. کەڵەشاخ لەم دۆخەدا ناتوانێت ئامانجی سەرەکی خۆی کە هێورکردنەوەی جەستە و پاککردنەوەیەتی بپێکێت.
تێبینی: ئەنجامدانی کەڵەشاخ پێویستە لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بکرێت و ئەوان ڕێنمایی نەخۆش، چارەخواز، گەشتیارەکە بکات کە لانی کەم (٢ تا ٣ کاتژمێر) پشوو بدات، شلەمەنی واتا شەربەتی سروشتی و میوە و ئاوی پێویست بخواتەوە، تا سوڕی خوێن و کۆئەندامی دەماری دەگەڕێنەوە دۆخی هاوسەنگی و جێگیریی خۆیان (Homeostasis)، پاشان کەڵەشاخی بۆ ئەنجام بدرێت تا بە تەواوی سەلامەت و تەندروست و بەسوود بێت بۆی.

































































