شههلا سۆفى- زارى كرمانجى:
توێژینەوەیەکی نوێ لە سێ نەخۆشخانەی ئوسترالیا دەرکەوتووە کە ڕێکارێکی سادە وەک شوشتنی ددانی نەخۆشەکان دەتوانێت مەترسی تووشبوونیان بە “هەوکردنی سییەکانی پەیوەست بە ئامێری هەناسەدان” بە ڕێژەی لەسەدا ٦٠ کەم بکاتەوە. ئەم جۆرە هەوکردنە کاتێک ڕوودەدات کە بەکتریا لە دەم و قوڕگەوە دەچێتە ناو سییەکان و دەتوانێت ماوەی مانەوە لە نەخۆشخانە ١٠ بۆ ٤٨ ڕۆژ زیاد بکات و ئەگەری مردنیش تا هەشت هێندە زیاد بکات.
لە توێژینەوەکەدا کە لەسەر هەشت هەزار و ٨٧٠ نەخۆش ئەنجامدراوە، دابینکردنی فڵچەی ددان و مەعجونی ددان، پەروەردەکردنی نەخۆش و کارمەندان و یارمەتیدانی ئەو نەخۆشانەی کە نەیانتوانیوە ددانەکانیان بشۆن، پابەندبوون بە پاکوخاوێنی دەم و ددان لە سەدا ١٦ بۆ لەسەدا ٦٢ زیادکردووە. توێژەران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە نەخۆشەکان لە کاتی وەرگرتنیان فڵچەی ددان و مەعجونی ددانی خۆیان لەگەڵ خۆیان بهێنن و ڕۆژانە دوو جار ددانەکانیان بشۆن، چونکە ئەم ڕێکارە سادەیە دەتوانێت ڕێگری لە هەوکردنێکی جددی و مەترسیدار بۆ سەر ژیانی بکات.

































































